پارێزگاری هەولێر داوا لە خەڵکی دەکەین تەنیا پشت بە هەواڵی فەرمی ببەستن

هەولێر-KDP.info- لەبارەی بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی و دەنگۆییەك، پارێزگاری هەولێر ڕوونكردنەوەیەكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو تۆمارە دەنگییە بە شێوازی (ئەی ئای) دروست كراوە و هیچ مەترسییەك لەسەر كوردستان نییە، داواش لە خەڵك دەكات، پشت بە هەواڵی فەرمی ببەستن.
ئەمشەو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕوونكردنەوەیەكی بۆ ڕای گشتی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: "بەداخەوە تۆمارێکی دەنگی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە و بەنامەی تایبەتیش لە گرووپ و نامەکانی واتسئاپ بۆ یەکتر دەنێرن، لەو تۆمارە دەنگییە باسی شەقامی 120 مەتریی هەولێر دەکرێ. پێتان ڕادەگەینین، ئەو بابەتە دوورە لە ڕاستی و بە هیچ جۆرێ وانییە."
پارێزگاری هەولێر باس لەوەش دەكات، كە "ئەو کارە کەسانی خۆفرۆشی سەر بە لایەنەکی دیاریکراو بە شێوازی (ئەی ئای) دروستیان کردووە و وەک ستوونی پێنجەم خەریکی خیانەتکردنن وەک پیشەی هەمیشەییان، بێشک لێکۆڵینەوە لەو بابەتانە دەکرێ و بکەرانی ئەو کارە خۆفرۆشییە ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێنەوە."
لە ڕوونكردنەوەكەیدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەشڵێت: بارودۆخەکە تا ئێستا ئاساییە و هیچ مەترسییەک لە سەر هیچ شوێنێکی کوردستان نییە و داوا لە خەڵکی خۆشەویست دەکەین تەنیا پشت بە هەواڵی فەرمی و لە کەناڵە فەرمییەکان ببەستن و نە کەونە ژێر کاریگەری ئەم جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە."




