٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

موسا ئەحمەد قەڵغانی ڕێزلێنانی دەزگای بارزانی پێشكەش بە ڤێرنەر ڕۆیتەر كرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڤێرنەر ڕۆیتەر، كەسایەتیی چالاكی بواری هاریكاریی مرۆیی لە ڕێكەوتی 12\6\2025 سەردانی سەرۆكایەتیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێری كرد و لە لایەن موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گەرمی پێشوازی لێكرا.

سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە بۆنەی ڕۆڵی بەرچاوی  ڤێرنەر ڕۆیتەر، لە چالاكیی مرۆیی و گەیاندنی هاوكاریی جۆراوجۆری خەڵكی ئەڵمانیا بە هەرێمی كوردستان، بە هاوكاریی جەبار كەریم، كە لە چوار دەیەی ڕابردوو تا ئێستا بەردەوام بوون، بەتایبەتی لە نەوەدەكان و دواتر لە كاتی شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، سوپاسنامە و قەڵغانی ڕێزلێنانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ڤێرنەر ڕۆیتەر پێشكەش كرد.

ئەو كەسایەتییە خۆبەخشە بۆ گەیاندنی هاریكارییەكانی مرۆیی بۆ خەڵكی لێقەوماو لە زۆر شوێندا تەنانەت گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە و دڵسۆزانە و خۆنەویستانە كاری مرۆیی كردووە.

لە لای خۆیەوە ڤێرنەر ڕۆیتەر، سوپاسی هەوڵ و چالاكییە مرۆییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە بیست ساڵی ڕابردوو كرد و كۆی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەكانی دەزگای بۆ خەڵكی نیازمەند بەرز نرخاند و هیوای سەركەوتنی زیارتری بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئاستی ناوچەكە و جیهان خواست.

هەواڵی پەیوەندیدار