"ئێستا ٢٧٥ ھەزار تۆن بەرهەمی خۆمان ھەیە و زۆریش تەندروستە"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو پڕۆژەکانی مانگای شیردەر ١٠٠% زیادیان کردووە و ئێستا بەرھەمی شیرەمەنیی پڕۆژەکانی خۆمان لە ھەموو شارەکان ھەیە و خواستێکی زۆری لەسەرە. دەشڵێ، ئامانجمانە پێداویستیی ناوخۆ پڕبکرێتەوە و ھەناردەی دەرەوەش بکرێت.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پڕۆژەکانی بەخێوکردنی مانگای شێردەر و بەرھەمی شیر و پڕۆژەکانی قەڵەوکردنی گۆلکیش زیادیان کردووە، ئێمە پێشتر ٧٨ پڕۆژەی مانگای شیردەرمان ھەبوو، بەڵام ئێستا ٩٨ پڕۆژەمان ھەن و لە ٧ ھەزار سەر بۆ ١٤ ھەزار سەر بەرز بووەتەوە، کە پێشتر بەرھەمی شیرەمەنی لە ناوخۆ لە بازاڕەکان نەبوو، بەڵام ئێستا بەرھەمێکی زۆری ئەو کارگانە لە بازاڕ ھەیە و خەڵکیش حەز و داواکاریی زۆری لەسەرە بەراورد بەوەی ھاوردە دەکرێت، بۆیە ئێستا لە زاخۆوە تا کەلار پڕۆژەی مانگای شیردەرمان ھەیە و جۆرەھا بەرھەمی شیرەمەنی بەرھەم دێنن بە کوالیتی باش و زۆریش لە ھاوردەکراوەکان تەندروستترن.
سدیق گوتیشی، ئێمە ساڵانە بۆ پێداویستیی ناوخۆ پێویستمان بە ٥٠٠ ھەزار تۆن شیر ھەیە و ئێستا ٢٧٥ ھەزار تۆن بەرھەممان ھەیە، چونکە دوو جۆر بەرھەممان ھەیە ئەوانەی خاوەن ئاژەڵەکان بەخێویان دەکەن و بەرھەمێکیش ئەوەی خاوەن پڕۆژەکانن و ئێستا چەندین پڕۆژەی تازە لە بواری جێبەجێکردندان، بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستیی ناوخۆ پڕبکەینەوە، چونکە ئێستا توانراوە زیاتر لە ٥٠%ی پێداویستیی ناوخۆ دابین بکرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی لە داھاتوودا دوای ئەوەی پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکرێتەوە، دواتریش لەجیاتی ھاوردەکردن، بەرھەمی خۆمان ھەناردەی دەرەوە بکرێت، چونکە بەرھەمی ئێستای ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر باش و کوالیتییەکی بەرز ئامادە دەکرێت و زۆر جوانیش ھەر لە ناوخۆ پاکێجینک دەکرێت، بۆیە ئێستا بچیتە ھەر بازاڕێک لە ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی شیرەمەنیی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان دەست دەکەوێت، کە ھەمووی بەرھەمی خۆمانەیە و بێ کێشە و زۆریش تەندروستە.
بڵند ئیبراھیم




