٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی بۆ کۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا بانگهێشت دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

فەرەنسا-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەشداری ھەشتاو یەکەمین کۆنگرەی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسای کرد.

لە میانەی کۆنگرەکە، شاندی پارتی چاویان بە سکرتێری نوێی پارتی سۆشیالیست، ئۆلیڤیار فۆر و دیلان بۆتیفلات، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەشید تەمال، ئەندامی سەنات و خاتوو سیسێلیا کۆندارد، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا و وتەبێژی سۆشیالیست پارتی و خاتوو شانتێل کامبیوا، جێگری سەرۆکی سۆشیالیست ئینەرناشناڵ کەوت و باسی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکەیان کرد. 

هۆشیار سیوەیلی و مەھدی شێلازی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی فەرەنسا کە یاوەری بەڕێزیان بوو، چەند دیدارێکیان لەگەڵ نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا و جیهان ئەنجام دا. 

سیوەیلی پەیامی پیرۆزبایی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی گەیاندە بەڕێز ئۆلیڤیار و بۆ ڕۆڵی مێژوویی پارتی سۆشیالیست لە ھاوکاری و پشتگیری ھەرێمی کوردستانیش سوپاسی کرد کە ھەر لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئێستا پاڵپشتییەکی بەهێز و دیار بووە و جێگای پێزانینە و هەرگیز لەبیر ناکرێت. 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەسەر ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوردی قسەی بۆ کردن، باسی ئەو تەنگژە و گرفتانەی کرد کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن و سەقامگیری، جەختیشی لە سیاسەتی هەمیشەیی و نەگۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی کردەوە کە تێگەشتن و کارکردنە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و سەقامگیری و هاوبەشی و قبوڵکردنی یەکتر بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار