مانەوە و گەشەپێدانی ڕێككەوتنی ستراتیژی ئیرادەی پارتی و یەكێتییە لەم قۆناغەدا

ئازا حەسیب قەرەداخی
لە ماوەی كەمی رابردوودا لیژنەی باڵای هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زنجیرە كۆبوونەوەیەكی ساز كرد. بابەتی گرنگی نیشتمانی و چارەنووسساز و ئەوانەیش كە پێوەندییان بە پڕۆسەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە، بابەتەكانی ئەو كۆبوونەوانە بوون.
ئەو هەلومەرجەی كۆبوونەوەكانی تێدا كراوە، لەسەر ئاستی ناوەخۆ و عێراق و ناوچەكە، فەزایەكی كراوە بوو بەسەر چەندین ئەگەر و پڕكێشیدا كە هەموویان بڕیار و هەڵوێستی یەكگرتووانەی پارتی و یەكێتییان خواستووە. هەڵوێست و بڕیارگەلێك كە لە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و نەتەوەیی هەردووكیان لەبارەی پرسە هەنووكەیی و ئاییندەییەكان و هەروەها لە رووحی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیانەوە سەرچاوەیان گرتبێ و بڕژێنەوە ناو رێچكەی پەرەپێدان و گەشەكردنی ئەو رێككەوتنە.
دەرەنجامەكانی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانە جارێكی دیكە دەیسەلمێنن كە پارتی و یەكێتی دوو حزبی بەرپرسیارن و توانا سیاسی و فیكری و ئیدارییەكانی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەزموونی حوكمڕانی و پرسە دیموكراسی و نەتەوەییەكانیان هەیە و بە بەرچاوڕوونییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێدراوە سیاسییەكاندا دەكەن.
لەبەر ئەوەی هەموو ئەو مەرجە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی لە بونیادی گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەدا بوونە هەوێنی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، تا هەنووكە ماون و بە شێوەیەكی زیندوو لە هەڵكەوتی هەرێم و عێراقدا كار دەكەن و كاریگەرییەكانیان لە ژیانی سیاسی و بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیاریدا ڕەنگ دەدەنەوە، تەنانەت تا ئاستی كردە سیاسییەكانی ناوچەكە و لە نەخشی جۆر و ئاستی پێوەندییەكانی هەرێم بە دەرەوەیش رۆڵیان هەیە. بۆیە لەم زنجیرە كۆبوونەوانەیشدا ئەو مەرجانە دووپات كرانەوە وەكوو زەمینەی پتە و بۆ مانەوەی رێككەوتنەكە و پەرەپێدانی.
ئەو گۆڕانكاری و پێدراوانەیش دیراسە كراون كە هەڵكەوتی نوێن و بە مەرجگەلێكی گرنگ و شیاو ئەژمار كراون بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی رێككەوتنی ستراتیژی. هەر ئێستا بۆ گونجانەوەی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا كاریان تێدا دەكرێ.
هاوكات ئەوەیش دووپات كراوەتەوە كە هیچ یەكێك لەو پێدراوە نوێیانە هۆكار نین بۆ ئەوەی پێوەندیی نێوان یەكێتی و پارتی بگەڕێنرێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم یان موغامەرە بە رێككەوتنەكەوە بكرێ. بە مانایەكی دیكە بۆ هەموو پرسەكان، رێككەوتنی ستراتیژی ئیرادە و مەرجەعی پارتی و یەكێتییە لەم قۆناغە و لە قۆناغی داهاتوودا. بەڵام بە هۆی چەردەیەك گۆڕانكارییەوە هەردووكیان دەستیان كراوەتر بووە بۆ هەمواركردن و پەرەپێدانی بەند و خاڵەكانی رێككەوتنەكە، تا بەو ئاستە بیگونجێنن كە ببێتەوە بە بنەما بۆ كاری هاوبەش لە پێناوی تەواوكردنی ئەركەكانی قۆناغەكە و گەشەپێدانی زیاتری دیموكراسی و ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا.
بێگومان هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە هەرێمی كوردستاندا، پێدراوێكی نوێیە و بڕیارە كە پارتی و یەكێتی بەرپرسیارانە مامەڵەی لەتەكدا بكەن. لە لایەك پابەند دەبن بەوەوە كە لە وادەی یاسایی خۆیاندا بكرێن. لە لایەكی ترەوە رێز لە ئیرادەی سەربەخۆی یەكتر دەگرن كە بە لیستی جیا دەچنە ناو پڕۆسەكەوە و جیاییشیان لە هەڵبژاردندا دەكەنە ستوونێك بۆ بەرزكردنەوەی رووحی رێككەوتنی ستراتیژی بۆ ئاستێكی بەرزتر و ئاسۆیەكی فراوانتر.
كاك نێچیرڤان بارزانی لە دیمانەكەیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت – ڕۆژی پێنجشەممە 4/4/2013) ئەم پرسەی باش تەشخیس كردووە كە هەر یەك لە پارتی و یەكێتی بە لیستی جیا بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكەن: (بەڵام بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژیدا. لەوانەیە گۆڕانكاری لە تەكتیكدا هەبێت، بەڵام ئەمە كاریگەریی لەسەر رێككەوتنی ستراتیژی نابێت).
لە هاتنە ئاراوەیدا، رێككەوتنی ستراتیژی پرسێكی سانای بێ نەیار نەبووە و ئێستایشی لەگەڵدا بێ نەیاری هەمەجۆری هەمە ناوەندی هەن. ئەم نەیارێتییە پەلی هاوییشتووە بۆ دەرەنجامەكانی زنجیرە كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەیش، بە تایبەتی كە دەركەوت پارتی و یەكێتی پابەندن بە پێوەندیی توندوتۆڵی نێوانیان و بە بەرنامە و بەرچاوڕۆشنییەوە كار بۆ داهاتوو دەكەن.
ناوەند و لایەنە نەیارەكانی رێككەوتنی ستراتیژی ساڵانێكە بە ئاشكرا ئیش بۆ هەڵوەشانەوەی
دەكەن و ماكینەیەكی ئیعلامیشیان بۆ ئەو ئامانجەیان خستووەتە كار.
ئەم ماكینەیە تا ئەو رادەیە ئیشی خۆی تەرخان كردووە كە لە بۆسەدا بێ بۆ بچووكترین رای جیاواز یان قسەی لێپرسراوێكی پارتی یان یەكێتی تا بیقۆزنەوە و بەو رادەیە زەبەلاحی بكەن كە گوایە ئەوە نیشانەكانی نزیكبوونەوەی هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكەیە. وەلێ پاش چەندین ساڵ لە كار و هەوڵ، ئەم ناوەند و لایەنانە بەسەر دەرەنجامەكانی ئێستای پێوەندیی نێوان پارتی و یەكێتیدا كەوتن و وەكوو كاك (ئازاد جندیانی) لە دوو وتاری خۆیدا وتوویەتی (تووشی شۆك بوون).
لەپاڵ بەرپرسیارێتیی كۆی هێز و لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی هەرێمی كوردستان، پارتی و یەكێتی پشكی زۆری بەرپرسیارێتیی پێشڤەچوون و گەشەكردنی هەمە لایەنەی كۆمەڵگەی كوردستانیان لە ئەستۆیە. دەرەنجامەكانی زنجیرە كۆبوونەوەكانی ماوەی كەمی رابردوو جارێكی دیكە سەلماندییەوە ئەم دوو حزبە، هەردووكیان پێكەوە، لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدان و تا رادەیەكی زۆریش توانای كرانەوەیان بەسەر سازانی نیشتمانیدا هەیە و كاری پێ دەكەن.




