٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

٢٠ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی فۆڕمیی زەوی دابەشکردن"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی باڵای وردبینیکردن لەناوی فەرمانبەرانی سوودمەند لە زەوی وەرگرتن لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ ھەزار فۆڕمی وەرگرتنی زەویمان بەدەست گەیشتووە، ٢٠ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ وەرگرتنی فۆڕم، دوای ئەو وادەیە ھیچ فۆڕمێکی دیکە وەرناگرین.

سەربەست مەولوود، سەرۆکی لیژنەی باڵای وردبینیکردن لەناوی فەرمانبەرانی سوودمەند لە زەوی وەرگرتن، لە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆسەی وردبینیکردن لە وەزارەتی شارەوانی لەناوی فەرمانبەرانی سوودمەند لە زەوی وەرگرتن بەردەوامە، تا ئێستا لەکۆی زیاتر لە ٤٥٠ ھەزار کەس ڕەزامەندی بۆ زیاتر لە ٤٢٠ ھەزار کەس وەرگیراوە، ئەوانەی دیکەش خەریکی وردبینیکردنین بۆ ئەوەی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگرین، چونکە بڕیارە ئەوانی ماون تەواوبکرێن و کۆتایی بەکاری لیژنەی ئێمە بێت.

سەرۆکی لیژنەی وردبینیکردن لەناوی فەرمانبەران گوتیشی: ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادارکردۆتەوە ئەوەی تا ٢٠ی ئەم مانگە فۆڕمی خۆی نەھێنێت بۆ ئەو مووچەخۆرانەی لەزەوی وەرگرتن سوودمەند دەبن، دواتر فۆڕم لەھیچ کەسێک وەرناگرین و بێبەش دەبن لە زەوی وەرگرتن، بۆیە داوایان لێدەکەین بێن لە ڕێگەی فەرمانگە و وەزارەتەکانی خۆیان فۆڕم پڕبکەنەوە و بۆمان ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن، چونکە هێشتا فۆڕممان بۆ ڕەوانە دەکرێت، بەڵام دوای ئەو وادەیە ھیچ فۆڕمێک وەرناگرین.

سەربەست مەولوود دەشڵێت: کاری ئێمە تەواو دەبێت و شارەوانییەکان دەست بە کار دەکەن بۆ دابەشکردنی زەوی، چونکە ئێستا بەردەوام کاری خۆیان دەکەن، ئەوانیش ھەندێک گرفتی دابینکردنی زەویان ھەیە، دەنا بەردەوام کاری خۆیان کردووە، بۆیە زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەریان داوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار