لیژنەیەکی ھاوبەشی ھەرێم لەگەڵ ھەردوو وڵاتی ئوردن و تورکیا بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیان پێکھاتووە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دەست بە رێکاری گەڕانەوەی ئەو کەسانە کراوە کە بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەمیان دەگەڕێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکھاتووە.
عەبدولخالق محەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لیژنەیەکی ھاوبەش لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی ھەردوو وڵاتی ئوردن و تورکیا پێکھاتووە بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکەی چوونەتە دەرەوەی وڵات و بەھۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە، ئێستاش رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەیان دەستیان پێکردووە و دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، کە ئەوانەی لە ئوردنن بەشێكیان ھاتوونەتەوە و بەشێکیش لە ئیستامبوڵن کە ترانزێتیان ھەبووە لە وڵاتانی ئەمەریکا و توونس و هەروەها گرووپە گەشتیارییەکانیش رۆیشتوون و ڤیزایان نییە، ناتوانن لە فڕۆکەخانە بچنە دەرەوە بۆ تورکیا و ناتوانن بگەڕێنەوە و گیریان خواردووە، بۆیە ئێمە بەو کارە ھەڵدەستین و دەیانگەڕێنینەوە.
ناوبراو گوتیشی، ڤیزای ترانزێتیان بۆ رێک دەخەین و بە فڕۆکە دەیانھێنین بۆ شەرناخ و لەوێش بە پاس دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوانەش کە لە ئێران و تورکیان، هی ئەوان ئاسانترە و بە پاس دەتواندرێت بیانگەڕێنینەوە، تەنیا ئەوانەی ترانزێت گەڕانەوەیان زەحمەتە و لە فڕۆکەخانە گیریان خورادووە، چونکە فڕۆکە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق نییە بەھۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بە گشتی، بۆیە رێکارەکانمان دەست پێکردووە و دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و ھاووڵاتیی ئێمەن.
بڵند ئیبراھیم




