ئایا وەڵامێكی چۆن دەدرێتە داواكارییەكانی كورد؟
ئیبراهیم كراس
لەم رۆژانەدا یەكێك لەو بابەتانەی كە هەر هەمووی رای گشتی توركیا بە تایبەتی چینی نووسەر و رۆشنبیرەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە قۆناخی چارەسەری پرسی كوردە و هەر كەس لە خۆی دەپرسێت داخۆ ناوەرۆكی ئەم قۆناخە چۆن بێت؟ یا داخۆ دەوڵەت چی داوەتە پەكەكە و ئوجەلان و پەكەكە و ئوجەلان چییان داوەتە دەوڵەت؟
ئایا ئەو داواكارییانەی كۆمەڵگەی كوردی كە پێشتر بە هۆی پشت بەستنیان بە هێزی چەكداری پەكەكەوە رۆژ لە دوای رۆژ خۆیانیان دەخستە بەر دەمی دەوڵەت لە دوای كێشانەوەی پەكەكە چییان بە سەر دئێت؟ ئایا دەوڵەتی توركیا لە بەرامبەر كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا و چەك دانانی پەكەكە ئامادەیە كە ئەم داواكارییانەی جێبەجێ بكات؟
دەگوترێت كە بە هۆی پەیام و داواكارییەكانی ئوجەلان پەكەكە وازی لە جیا بوونەوە لە توركیا و دامەزراندنی سیستەمێكی فیدراڵ هێناوە. بەڵام یەكێك لەو داواكارییانە كە پەكەكە و رای گشتی كورد بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین دەستبەرداری بن ئەوەیە كە دەبێت سەرەتا لە رووی رۆحییەوە و دواتر لە رووی سیاسی و یاساییەوە كورد وەكو نەتەوەیەكی غەیرە تورك پێناسە بكرێت و لە نێو دەستووری بنەڕەتی توركیادا دان بە هەبوونی نەتەوەی كورد و مافەكانیدا بنرێت. ئەمە نەتەنیا داواكاری پەكەكە و رای گشتی كوردە بەڵكو زۆربەی هەرە زۆری رۆشنبیر و نووسەرە توركەكانیش لەو باوەرەدان كە ئەم داواكارییە داواكارییەكی رەوای كوردە و واز هێنان لەم داواكارییە لە لایەن كوردەوە بە مانای واز هێنان لە تێكۆشانی چەندین ساڵەی خۆیەتی.
لە لایەكی دیكەوە بەشێك لە سیاسەتمەدار، رۆشنبیر و نووسەرە توركەكان پێیان وایە كە ئەگەر هیواكانی كورد لە قۆناخی چارەسەری نەگەنە ئەنجام ئەوا سەركەوتنی ئەم قۆناخە مەحاڵ دەبێت.
باشە ئەگەر وایە پێویستە بزانین كە داواكارییەكانی رای گشتی كورد چین. هەر چەندە كە پەكەكە و حەرەكەتی كوردی نوێنەرایەتی هەر هەمووی كورد نەكات، بەڵام چەندین داواكاری گشتی هەن كە پەكەكە و حەرەكەتی كوردی سوورە لە سەر جێبەجێ كردنیان.
لەم چوارچێوەیەدا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە سێ داواكاری سەرەكەی رای گشتی كورد بكەین. ئەم سێ داواكارییە بریتین لە مافی پەروەردە بە زمانی زگماكی، بەهێزتر كردن و بەرفراوانتر كردنی دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكان و هەڵوەشاندنەوەی پێناسەی تورك لە نێو دەستووری بنەڕەتی توركیادا.
ئێمە زۆر بە هەڵە لە داواكاری كورد بۆ پەروەردە بە زمانی كوردی تێگەیشتوونە، ئەم داواكارییەی كورد بەو ماناییە نییە كە كورد داوای فێر بوونی زمانی خۆی دەكات یا دەیەوێ زمانی كوردیش وەكو وانەیەك لە نێو قۆتابخانەكاندا بگوترێتەوە، بەڵكو كورد دەیەوێ هەر هەمووی قۆناخەكانی پەروەردە بە زمانی كوردی بن و كورد و هاووڵاتییە كوردەكان لە جیاتی زمانی توركی بە زمانی كوردی قۆناخە جیاجیاكانی خوێندن تێبپەڕێنن. حەرەكەتی كوردی و رای گشتی كوردی داوای ئەوە دەكەن كە لە ناوچە كوردییەكاندا لە جیاتی زمانی توركی، زمانی كوردی ببێتە زمانی پەروەردە.
ئەگەر ئەم داواكارییە لەگەڵ داوكاری بەهێزتر و بەرفراوانتر كردنی دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكان شرۆڤە بكەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە ئەم دوو داواكارییە سەرەتایەكن بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی خۆسەری كوردی. سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پێناسەی تورك لە نێو دەستووری بنەڕەتی توركیایشدا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە هەڵوەشاندنەوەی پێناسەی تورك لە نێو دەستووردا بە مانای هەڵوەشاندنەوەی كە ناسنامە بەرفراوانەیە كە هەر هەمووی پێكهاتەكانی توركیا لە نێو خۆیدا كۆ دەكاتەوە.
ئەگەر بێتو لە جیاتی پێناسەی تورك پێناسەی میللەتی تورك بەكار بهێنین ئەوا زەمینەمان بۆ ناساندنی كورد وەكو نەتەوەیەكی جیا لە نێو توركیادا خۆش كردووە.
ئەمە داواكارییە سەرەكییەكانی حەرەكەتی كوردی و رای گشتی كوردن كە لە نێو رەشنووسەكەی دەستووری بنەڕەتی كە لە لایەن بەدەپەیەوە ئامادە كراو جێیان گرتووە و بوونەتە هۆكاری دڵگرانی هەر كەس و لایەنێك چوونكە زۆربەی هەرە زۆری سیاسەتمەدار و رۆشنبیرەكانی توركیا پێیان وایە كە ئەم داواكارییانە و ئەم رەشنووسەی دەستووری بنەڕەتی كە لە لایەن بەدەپەیەوە ئامادە كراوە زەمینە خۆشكەرە بۆ پارچە كردنی توركیا.
ئەگەر بێتو دەوڵەتی توركیا ئەم داواكارییانە كە حەرەكەتی كوردی بە هیچ شێوەیەك ئامادە نابێت دەستبەرداریان بێت جێبەجێ نەكات ئەوا حەرەكەتی كوردی كە نوێنەرایەتی یەك بەش لە سێ بەشی كۆمەڵگەی كوردی دەكات زۆر بە ئاسانی دەتوانێت هەواڵدانەكانی قۆناخی چارەسەری بێ ئەنجام بكات و لە لایەكی دیكەیشەوە ئەگەر دەوڵەت ئەم داواكارییانە جێبەجێ بكات ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كە هەر دوو پارتی بەرهەڵەستكار خۆیان یەك بخەن و هەوڵ بۆ گۆڕانی رەوت و ئاراستەی رووداوەكان بدەن.
سەرچاوە: ستار




