عەبدولڕەحمان سدیق باسی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بەژینگە دەکات"

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ئەنجامی داوە سودێکی زۆری بۆ بواری ژینگەش ھەیە، دوو گرێبەستی گرنگی بواری وزە بوون و دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش ھەبوو."
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، یەکەم وەزیری ژینگەی عێراق و سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ٥/٦ ڕۆژی جیھانی ژینگەیە، لە ٥ ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک گەلانی جیھان یادی ڕۆژی جیھانیی ژینگە دەکەنەوە، ھەمان ئەم ڕێککەوتە پەیوەستە بە ساڵی ١٩٧٢ کە یەکەم کۆنگرەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژینگەوە لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوێد بەسترا، ئەوە یەکەم کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بوو تەوەری سەرەکی باسەکانی بریتی بێت لە ژینگە و دامەزراندنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ژینگە (یونیپ) یەکێک بوو لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە، ھەر ئەم بەرنامەیەش لەوساوە تا ئەمڕۆ بووە ھەوێنی کاری ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جیھان، بۆیە ڕۆژی جیھانیی ژینگە لە ساڵی(١٩٧٣)وە، ساڵانە بە میوانداریی وڵاتێک یاد دەکرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش (٢٠٢٥)، وڵاتی کۆریا دیار کراوە بۆ میوانداریکردنی چالاکییەکانی ئەم ڕۆژە کە تیایدا تەوەری سەرەکی بریتییە لە ڕزگاربوون لە پلاستیک و زیانەکانی."
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی "زۆر جار ئاماژەمان بە چەند خاڵێک کردووە، کە ڕۆژی جیھانیی ژینگە ھەر وەکو سەکۆیەکی جیھانییە، لە ھەمان کاتی جێگەی ھاندانی ھەمووانە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ئەرێنی و باش لەلایەن زۆربەی چین و توێژە جیاجیاکان، بەڵام گرنگە ئێستاش ئاماژە بە ئەرکی بەشێک لەو چین و توێژانە بکەین لەم بۆنەیەدا، لەوانە کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەخۆداچوونەوە بکات لەو بەکاربردنە بێ پلانەی لە دەرامەتە سنووردارەکانی زەوییدا دەیکات و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی شێوازی بەرھەمھێنانی گونجاوتر لەگەڵ ژینگە پیادە بکەن بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بەردەوام، کشتیاران و جوتیاران بۆ ئەوەی ھەنگاو بنێن بەرەو کشتوکاڵکردنی زیرەکانە بە بەکارھێنانی میکانیزمی نوێی سەردەمییانە، پەروەردەکاران و چالاکوانانی ژینگەیی بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی بەخشینی ھزر و ھۆشیاریی ژینگەپارێزیی، لاوان و گەنجان بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی دۆستانەتر لەگەڵ ژینگە و ناوداران و کەسانی ناسراوی ھەر بوارێک بۆ بەکارھێنانی ناو و ناوبانگیان لە کار و چالاکیی ژینگەدۆستانەدا، حکوومەت و دەوڵەتان بۆ وەبەرھێنانی ژینگەیی و چاکسازیی زیاتر لە بواری ژینگە و بەرزڕاگرتنی ئەم یادە بە ئەنجامدانی چالاکیی گونجاو بۆ خستنەڕووی کێشە سەرەکییەکانی ژینگە لە ھەر وڵات و شوێنێکدا."
باسی لەوەش کرد "نوێترین کاری حکوومەتی ھەرێم لە بواری پاراستنی ژینگە بریتییە لە بایەخدان بە دابینکردنی ئاسایشی وزە، ئەوەش لە ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکا لە بواری وزە، لە واشنتۆن بە سەرپەرشتی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە دەنگدانەوەی بەھێزی ھەبوو لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتییدا، لەبەر زۆر ھۆ کە ئەمانەی لای خوارەوە ھەندێکیانن: ئەم ڕێککەوتنە ئاماژەیەکی تێدایە بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە کەرتی وزەی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات بوونی دیدارە فەرمییەکانی ڕێزدار سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لەگەڵ ساتەکانی واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ئاماژەی تێدایە بۆ یاساییبوونی گرێبەستەکان و سوودەکانی ڕێککەوتنەکە و گرێبەستەکان گشتگیرن، بەجۆرێک لەیەک کاتدا سوودیان بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە، خودی ڕێککەوتنەکە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لای ئیدارەی ئەمریکا تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، دابینکردنی ئاسایشی وزەیە بۆ ئایندە لە ڕێگەی ھەبوونی بە بڕی پێویست و بەردەست، ھەروەھا بەشێوەی جێگیر و بەردەوام، پەرەپێدانی سەرچاوەکان بە تەکنۆلۆجیای نوێ و باش بەکارھێنان و ھەبوونی گەرەنتی پێویست بۆ پاراستنی ژینگە."
بڵند ئیبراھیم




