٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە.

لە کاتێکدا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشداریی سەرەکی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقن کە چەندین ساڵ بوو خەڵکی عێراقی سەرکووت دەکرد و دەیچەساندندەوە، لەو پێناوەشدا شەھید و برینداری بەخشی، دوای ئەوەش بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و دەستوورەکەی، سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی، ڕۆڵی کاریگەرییان بینی لەپێناو بونیاتنانی عێراقێکی نوێ کە مافی تەواوی نەتەوە و پێکھاتە و ئایینەکانی تێیدا پارێزراو بێت، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەنە کارمان کرد و ھەموو ھەوڵێکمان لەپێناو یەکڕیزی و یەکسانی و دادپەروەری بوو کە پرەنسیپەکانی (تەوازن و تەوافوق و شەراکەت) تێیدا پارێزراو بن، بەڵام ئەو خواستانەی کورد بۆ عێراقێکی نوێ کە مافی ھەمووان تێیدا پارێزراو بێت، نەھاتە دی بەھۆی فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی.

لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە، حکوومەتی عێراقی بە بیانووی جۆراوجۆر، مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، ھەر بەوەندەش نەوەستا، ھەناردەکردنی نەوتی کوردستانیشی وەستاند، ئامانج لەو ڕەفتارانەی حکوومەتی عێراقی تەنھا وەستاندنی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی کوردستان بوون کە وای کردبوو کوردستان جیا بێت لە ھەموو ناوچەکانی عێراق لە ڕووی ئاوەدانیی و خۆشگوزەرانییەوە، کە ھێرشی تانک و زریپۆشەکانی عێراق بۆ سەر کوردستان ئامانجەکانی نەپێکا، بۆیە ناچاربوون لە بێ دەسەڵاتی دەست بۆ قوتی خەڵک ببەن لە کاتێکدا پێشێلکردنی ڕوونی دەستوورە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بۆی داوە، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھاوتا لەگەڵ نوێنەرانی دیکەی کورد لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە پەرلەمانی عێراق، پێداگر دەبین لە دەستخستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

دەمانەوێت ئەوە بە ڕای گشتی کوردستان بڵێین: "سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بەپێی ماددەی ٦٠ لە یاسای بوودجەدا، دەسەڵاتی زیادکردنی تەرخانکردنی دارایی ھەیە بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنان لە پارەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران و پێداویستییەکانی کارەبا و پێداویستییەکانی کەلوپەلی خۆراک، بۆیە دەیتوانی لە بەرە جەژندا مووچەی خەڵکی لەو پارەیە بنێرێت تا دوای جەژن کێشەکان چارە دەکرێن، سەرۆکوەزیران ئەو دەسەڵاتەی لەپێناو خەڵکی کوردستان بەکارنەھێنا.

ئەوەی دەمانەوێت لێرە دووپاتی بکەینەوە، ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، پێویستمان بە یەکدەنگی و ھێزی ھەمووان ھەیە لە بەغدا، پێویستمان بەوە ھەیە ھێزەکانی کورد یەکبخرێت بەڵکو بتوانین کاریگەرییەکی بەھێز لەسەر بەغدا دروست بکەین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بەپێی ماددەی ٦٠ لە یاسای بوودجە پێی دراوە، دەتوانێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان چارە بکات و کۆتایی پێ بێنێت.

جارێکی دیکە بۆ خەڵکی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە، بەتەواوی ڕێکارە دەستووری و یاسایی و دیپلۆماسییەکان بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشەی مووچە و بنبڕکردنی.

 

د.ڤیان سەبری

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

٤ـی ئایاری ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار