هێمن ههورامی جەختی لە بایەخی خۆپێگەیاندنی کادران بە میکانیزمە سەردەمییەکان کردەوە

دهۆک-KDP.info- خولی ڕاهێنان و تواناسازی ڕێکخستن بۆ کارگێڕ ناوچەکان سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات كە ڕۆژی ۱ ی ٦ لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک بۆ کارگێڕ ناوچەکانی سنووری لقەکانی ۱ و ۸ و ۹ و ۱۸ و ۲٠ دەستی پێکرد.
پاش سەرکەوتووانە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و بەرنامە و وانە تیۆری و پراکتیکییەکانی خولی ڕاهێنان و تواناسازی ڕێکخستن بۆ کارگێڕ ناوچەکانی سنووری لقەکانی ۱ و ۸ و ۹ و ١٨ و ۲٠ی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە شایستەدا ڕێوڕەسمی کۆتایی و دابەشکردنی بڕوانامەی بەشداربوون بەسەر هەڤاڵانی بەشدار بوو بەرێوەچوو.
د. هێمن ههورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بهرپرسی بەشی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە وتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی و دەستخۆشی زۆر بۆ بەشداریی کارای هەڤاڵان و گفتوگۆی چڕ و پڕ لەسەر تەواوی بڕگەکان، جەختی لە بایەخی خۆپێگەیاندن و فراوانکردنی ئاسۆکانی ڕۆشنبیری ڕێکخستن و توانادارتربوونی کادر بە میکانیزمە سەردەمییەکانی کاری ئۆرگان و ئامادەسازیی تەواو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دیموکراسی و سیاسیەکانی سەرشانی پارتیمان و مسۆگەرترکردنی سەرکەوتنی زیاتر، کردەوە.
د. هێمن ههورامی گوتیشی، "وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای کادر و ئامادەسازی زەمینەی زیاتر بۆ قوڵترکردنەوەی پرۆسەی پەروەردەی سیاسی، کۆڵەکەی بە بەهێزی مانەوە و پێویستییەکی گەورەی سەردەمە بۆ هەر حزبێکی سیاسی وەک پارتیمان کە بۆ دۆزی ڕەوا و ئامانجی گەورە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بێت.






