٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت: لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە ھێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەھێنرێنەوە.

دەقی وەڵامەکەی فراکسیۆنی پارتی بۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی:

وەڵامێک بۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو

لای خەڵکی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئاشکرایە، کە بێ ھیچ ھۆکارێک و لەم کاتەدا کە بەرەو جەژنی پیرۆزی قوربان دەچین، بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و تەواو سیاسی کە دژی پڕەنسیپەکانی پێکەوەژیان و شەراکەتە لە عێراقی نوێدا، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕاگیراوە.

بەداخەوە لە پاڵ ئەم زوڵم و زۆرەی لە گەلەکەمان دەکرێت، زۆرجار بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانیش ڕۆڵی پارێزەر دەبینن لە ھێنانەوەی ئەو پاساوانەی بۆ بڕینی قوت و مووچە و دەستخستنە قوڕگی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەھێنرێنەوە، نموونەی ئەمڕۆشمان فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و موسەننا ئەمین بوو، کە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان بۆ کوردی وەرگێڕا. لەبری ئەوەی وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان دژی ئەو ستەمە بوەستنەوە، بوون بە گوتەبێژ و وەرگێڕ و دەمڕاستی ئەوانەی مافی خەڵکی کوردستانیان بە ناھەق پێشێل کردووە و بەجۆرێک دەریانخست کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەرپرسیارن خوڵقاندنی ئەم دۆخە.

ھەموو لایەک ئاگادارن، ئەوان و ھاوشێوەکانیان دەمێکە بۆ دەرکردنی کۆمەڵە بڕیارێک لە دژی خەڵکی کوردستان، بەردەوام چاوساغی بۆ نەیارانی گەلی کوردستان و عەقڵییەتە شۆڤێنی و تایفییەکان دەکەن. چونکە لە بنەڕەتدا بڕوایان بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی نیە، بەردەوام بەدوای ئەوەدا بوون چیی لەدژی ھەرێمی کوردستانە بیکەن و وەک ڕاوێژ بیدەنە نەیارانی گەلی کوردستان. 

لێرەدا داوایان لێ دەکەین ئەگەر ناتوانن و ناشیانەوێت بەرگریکاری مافەکانی گەلی کوردستان بن، ئەوە با بێدەنگ بن و دەستبەرداری ئەو یارییە ھەرزانە و فیتنەگێڕی و ئەو مونافیقیە بن و چیتر دژی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان نەوەستنەوە.

لە کۆتاییدا داوا لە ھەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە ھەرێمی کوردستان دەکەین، لەم پرسەدا یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست لەگەڵ مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بمێننەوە، چونکە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، نە خێرە و نە سەدەقە تا موزایدەی پێوە بکرێت، بەڵکو مافێکی شەرعی و یاساییە و نابێت چیتر وەکو کارت و گوشاری سیاسی بەکاربھێنرێت و مافەکانیان زیاتر لەمە پێشێل بکرێت.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

٢٠٢٥/٦/٣

هەواڵی پەیوەندیدار