٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پڕۆژەی دووسایدی رێگەی (کۆڕێ، شەقڵاوە، قەندیل) بەردەوامە"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی سەرجەم ڕێگاکان بکرێنە دووساید، پڕۆژەی دووسایدی ڕێگای (کۆڕێ _ شەقڵاوە _ قەندیل) بە گوژمەی نزیکەی ٩٤ملیار دینار بەردەوامە."

د.ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی دووسایدی (کۆرێ _ شەقلاوە _ قەندیل) نزیکەی ٥٠کم دەبێت، چەند بەشێکی تەواو بووە، ماوەیەک بوو پڕۆژەکە وەستابوو، ئێستا جارێکی دیکە دەست پێ کراوەتەوە و کۆمپانیایەکی ناوخۆ کاری تێدا دەکات و گۆڕانکاری لە دیزاینی پڕۆژەکەش کراوە، هەم فراوانتر دەکرێت، هەم بە مواسەفاتی بەرز جێبەجێ دەکرێت، ئەوەی ئێستا کاری تێدا دەکرێت ١٨کم دەبێت، دوو تونێلیش لەو ڕێگایە ھەن، ئەوانیش کەموکورتیەکانیان چاک دەکرێت،  تونێلی ماوەران ٩٥٠مەترە، تونێلی مامەجەلکەش ٤٥٠مەترە، تونێلەکان کرابوونەوە، بەڵام پێویستییان بە تەواوکاری ھەبوو، وەکو ڕووناکی و ھەندێک کاری دیکە، ھەر لەو ڕێگەیە دوو ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس دروست دەکرێن بۆ ئەوەی شوفێران بێ وەستان ھاتوچۆ بکەن."
د.ئاگین عەبدوڵڵا گوتیشی "بودجەی پڕۆژەی تەواوکاری ئەو دووسایدە، نزیکەی ٩٤ملیار دینارە، ئەوەی پێشتر تەواو ببوو و گربەست لەگەڵیان کۆتایی ھاتبوو، ئەوەی ئێستا لە دووڕیانی کۆڕێ بۆ شەقڵاوە تا تونێلی مامەجەلکە کاری تێدا دەکرێت.
بە تەواوبوونی ئەو ڕێگایە ئەگەر ھاووڵاتییەک کاری نەبێت ناچێتەوە بۆ ناو شەقڵاوە، ڕاست دەڕوات.  ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ڕێگاکان بکرێنە دووساید کە بەشێکە لە شادەماری ڕێگاوبانی ھەرێمی کوردستان."

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار