٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سکرتێری ئەنەکەسە بۆ KDP: سەرۆک بارزانی دوو داواکاریی ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا دەڵێ، کۆنفرانسێکی ناوخۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا و ئێستاش دوو داواکاریی سەرەکیی لە لایەنەکان ھەیە، ئەویش یەکھەڵوێستیی لایەنەکان و پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەشە بۆ ئەوەی سەردانی دیمەشق بکات و گفتوگۆ لەبارەی مافی کورد لە سووریا بکرێت.

محەمەد ئیسماعیل، سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا کۆنفرانسێکی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا، بڕیارە شاندێک لە نێوان لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان پێکبێت و سەردانی دیمەشق بکەن لەبارەی مافی کورد لە سووریا و لێکتێگەیشتن دروست بووە و چاوەڕێ دەکرێت بە زووترین کات شاندەکە دروست بێت و بچێت بۆ دیمەشق، بۆیە ئێمە وەکو ئەنەکەسە ئامادەین و چاوەڕێ دەکەین پەیەدە ئامادەی بکەن و شاندەکە بچێت بۆ دیمەشق، بۆیە ئێمە ئومێدەوارین بە زووترین کات شاند دروست بێت و سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ حکوومەتی سووریا دەست بە گفتوگۆ بکەن لەبارەی مافی کورد.

سکرتێری ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا گوتیشی، ئێستا زەمینەیەکی باش ھاتۆتە ئاراوە لە ناو میللەتی ئێمە و داواکارین بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین کاری ھاوبەش پێکەوە بکەین، بۆیە چاوەڕێ دەکەین شاندێکی ھاوبەش دروست بێت و بچێت بۆ دیمەشق و دەست بە گفتوگۆ و دانوستان بکەن، بۆ ئەوەی لەبارەی مافی کورد لە سووریا بگەنە ڕێککەوتن، چونکە پێویستە بە زووترین کات شاندەکە دروست بێت وەکو ئەوەی لە کۆنفرانسی ناوخۆی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بڕیاری لێدراوە.

محەممەد ئیسماعیل ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی زۆر باشی ھەبووە لە یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆنفرانسی لایەنە کوردییەکانیش لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا و بەردەوامیش تەئکید لەسەر دوو خاڵ دەکاتەوە، ئەوانیش یەکھەڵوێستیی لایەنە کوردستانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و پێکھێنانی شاندێکی ھاوبەشە، بۆ ئەوەی بچێتە دیمەشق و گفتوگۆ لەبارەی مافی کورد لە سووریا بکات و ھیچ کات پێی خۆش نییە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پەرتەوازە بێت و پێویستە بە یەکگرتوویی بچن بۆ دیمەشق، بۆیە بەردەوام داوا دەکات بە زوویی شاندێک دروست بکرێت و بچێت بۆ دیمەشق و ئێمەش ھەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی لە نزیکترین وەخت ئەو شاندە ھاوبەشە دروست بێت و سەردانی دیمەشق بکەن.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار