دەستەی وەبەرھێنان لە ڕێگەی KDPیەوە داوایەك لە وەبەرھێنەران دەكات

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، دروستکردنی ٢١ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی کۆتایی دایە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت تا یەک کرێنشین و ھەژار لە کوردستان مابێت دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٢١ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ھەژار و کەم دەرامەت و کرێنشین دروست دەکرێت، ئێستا دروستکردنی ئەو یەکانە، ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و داراییان تەواو بووە و لە ھەولێر، دھۆک، سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان زەوی تەرخانکراوە، ھەندێک بنەما ھەن بۆ ئەوەی وەبەرھێنەر بێن دەست بە دروستکردنیان بکەن، ئەوانیش کوالێتی باش، نرخی گونجاو و قیستی درێژخایەنن، بۆ ئەوەی ھەموو خەڵکی کوردستان لێی سوودمەندبن.
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بە قۆناغ بەردەوام دەبێت، تاوەکو یەک ھەژار و کرێنشین لە ھەرێمی کوردستان مابێ، بۆیە لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوا لە ھەموو وەبەرھێنەران دەکەین، بێن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین ئەگەر بەپێی مەرجەکانی ئێمە بێت پێیان بدەین و دەست بە دروستکردنی یەکەکان بکرێت.
وتەبێژی دەستە باس لەوەش دەکات، نزیکەی ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە عەنکاوە بۆ پێکھاتەی مەسیحیی دروست دەکرێت کە تایبەتە بەوانەی لە یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوونە.
بڵند ئیبراھیم




