٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی بۆ KDP: سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێم بوودجەی بۆ زیادکردووین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی ھەرێم دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری نەخۆشانی عێراق دێن لە ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن، بەڵام حکوومەتی عێراق لە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان ناکات، سەرەڕای ئەوەی سەرجەم داواکاریەکانمان گەیاندۆتە حکوومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکیان نەناوە بۆ ھاوکاری و چارەسەری کێشەکان.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەر خزمەتگوزاریەک لە بوودجەی حاکیمە دابنرێت پێویستە بۆ ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت، بۆیە دوای ھەوڵێکی زۆر ئەوەی بۆ ئێمە ڕەوانە دەکرێت دەرمانە ئەویش لە باشترین حاڵەت پشکی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٥%ی ڕەوانە دەکرێت ئەوەی دیکە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان حکوومەتی ھەرێم بۆمان دابین دەکات و بوودجەی بۆ ئێمە زیادکردووە و کێشەی پێداویستی پزیشکی لە پێداویستی بچووک تا ئامێری پزیشکی، بۆ نموونە سۆنەر تا ستی سکان کە ھیچی لە عێراق بۆ ئێمە دابین ناکرێت پێویستبوو لە بوودجەی ٢٠٢٣و٢٠٢٤و٢٠٢٥ پشکی ھەرێمیش دابین بکرێت، بەڵام عێراق پشکی ھەرێم نادات، بۆیە پێویستە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ھەمووھاووڵاتیەک دابین بکرێت وەکو چۆن بۆ عێراق دابین دەکرێت.

وەزیری تەندروستی دەشڵی، پێداویستی نەخۆشی شێرپەنجە لە باشترین حاڵەت نزیکەی ٢٠%ی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و ٨٠%ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابینی دەکات کە ٤٠%ی نەخۆخشانی شێرپەنجە لە عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان دێن بۆ چارەسەرکردن و ئاوارەکانیش بەھەمان شێوە خزمەتگوزاری تەندروستیان بۆ دابین ناکرێت لەلایەن عێراق ئەویش حکوومەتی ھەرێم بۆیان دابین دەکات، بۆیە غەدر لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تەنانەت ھەڵەبجە وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.

دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی، ئێمە سەرجەم داواکاری لە بواری تەندروستی داوامانە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڵێن دراوە بۆ ئەوەی لیژنەیەک پێکبێت بۆ داواکاریەکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ نەنراوە، بۆیە کاتێک پێداویستی بۆ عێراق تەرخان دەکرێت پشکی ھەرێمی کوردستان لێ دەردەھێندرێت و دابین ناکرێت، هەروەها لە ھەموو خزمەتگوزاریەکان ھەرێمی کوردستان بێ بەش دەکرێت، کە پارساڵ ٧٧٠ ھەزار منداڵ لە ھەڵمەتی کوتان بەشداربوون تا ئێستا شایستە داراییەکانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و شۆفێرەکانیش نەدراوە و شاندیش چۆتە بەغدا، بەڵام نەدراوە و پێویستە مافی خەڵک بدرێت.

وەزیری تەندروستی باس لەوەش دەکات، لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ئاوارەکانی عێراق ھاتنە ھەرێم ئەوکات سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد پێویستە وەکو ھاووڵاتی ھەولێر خزمەتگوزاری پێشکەشی ئاوارەکان بکرێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام بەغدا بەوشێوە مامەڵە ناکات، کە ژمارەیەکی زۆری کەمپ لە ھەرێم ھەیە بەتایبەت لە دھۆک پێویستی بەھاوکاری ھەیە عێراق خۆی نەکردۆتە خاوەن لێی سەرەڕای ئەوەی داواکاریمان گەیاندووە بۆ سەرۆکوەزیران ولایەنەکانی پەیوەندیداری عێراق، بۆیە پێویستە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت، بەڵام عێراق ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە، بۆیە سەرەڕای ئەوەش کەرتی تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق پێشکەوتووترە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی بەردەوامەو درێغی نەکردووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق جیاوازی نەکات و ھاوکار بێت.

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار