٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: گەورەترین ئاڵنگاری دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە ١-٦-٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاھەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دھۆک بەڕێوەچوو.

لە ئاھەنگەکەدا، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:

میوانە بەرێزەکان:

بەڕێزان ئەندامانی دەستەی ئەمینداران، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، فاکەڵتی و ستاف و دایک و باوکانی سەربەرز، دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٥، ئێوارەتان باش، شەڕەفێکی گەورەیە، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێرە لەگەڵتانم.

ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە نەک تەنھا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەرکەوتنی ئەکادیمیتان کە بە ھەوڵ و ماندووبوون بەدەستتان ھێناوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینی ئەو کەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمڕۆ.

بەناوی ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و ھەموو کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەکەم.

ئەم ئاھەنگەی ئەمڕۆ تەنیا بۆ ئەو دەستکەوتە ئەکادیمییە نیە کە بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر بەدەستتان ھیناوە، بەڵکوو ئەمە خاڵی وەرچەرخانە.

ئەمڕۆ ئێوە بە فەرمی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە قۆناخی دەرفەت، بەرپرسیارێتی و بەدیھێنانی ئامانجەکانتان. ئێوە ئەندازیاری داھاتووی کوردستانن و ئەم گەشتەش، بەو شارەزایی و زانست و پەیوەندییانەی لە سەرەتای خوێندنتانەوە لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان بەدەستتانھێناون ، دەست پێبکەن.

زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان ھەنگاوی سەرەتا و سەکۆی دروستکردنی کاریگەرییەکی واتادارە لە کوردستان و ھەموو جیھان. دڵنیام ئەو بەھایانەی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە ئێوەدا چاندوویەتی، وەک حەزی زانین و زانیاری، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، خولیا، ھاوکاری، خزمەتکردن و ڕاستگۆیی، دەبنە رێنیشاندەرتان و ھاندەرتان دەبن، وەک چۆن پاڵنەردەبن بۆ ھاوڕێ و ھاوپیشەکانتان.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان دەبێت لەسەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.

دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناخێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا، ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشیی بەردەوامی خۆمان کە بەھاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکوومەت و گەلی ئەمەریکا دووپاتکردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمەریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داھێنان. لەوەش گرنگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشاندا کە ئەو سەربەخۆییە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکوو دنیابینیەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە،. لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینیە بەردی بناخەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگا سەرەکییەکان دروستکراون، سیستەمی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەکی باش فراوانکراوە، بەنداوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان دروستکران.

ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لەڕێگەی (پرۆژەی ڕووناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر.

بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نیە لە ناوچەکەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیاریەتی.

لە کرۆکی ئەم پێشکەوتنە ھێزێکی پاڵنەر ھەیە: ئەویش تەکنەلۆجیایە. زیرەکی دەستکرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆکەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە ھۆی وەرچەرخان لە ئابووری و کۆمەڵگەکەشمان. ھەربۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەکانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەشی لەنێوان زانکۆ و کەرتی تەکنەلۆجیادا دەکەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و کوردستان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەکی دەستکرد لە جیھان.

تواناکانی خەڵکی ئێمە، تەنیا لە ڕێگەی سیستمێکی تەندروستی بەھێز و متمانەپێکراوەوە دەردەکەون، ئەمەش لە شارەزا و کەسانی پیشەیی و بەبەزەیی لە بواری تەندروستیدا دەست پێدەکات، کە بناخەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و بەرھەمھێن دادەنێن. لە زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، پرۆگرامێکی پەرستاریمان ھەیە، نەک تەنیا بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکوو وەک مۆدێڵیک لە ناوچەکەدا خزمەت دەکات. ئەمرۆ دەستکەوتێکی مێژوییە: شانازی دەکەم یەکەم گرووپی دەرچوانی پەرستاری دەبینم، کە ھەریەکەیان بە سکۆڵەرشیپی تەواو پشتگیری کراون. ئەوان زیاتر لە دەستکەوتێکی ئەکادیمین، ئەوان ھیواکانمان بۆ کوردستانێکی پێشکەوتوو و تەندروستتر بەرجەستە دەکەن. پابەندیی ئێمە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکوو وەبەرھێنان لە پەرەپێدانی پرۆگرامی پیشەیی پەرستاری بۆ بەھێزکردنی راھێنانی پەرستاری دەکەین و ھاوکاریان دەبین لە بەدەستھێنانی ئەو شارەزاییەی کە پێویستیانە بۆ باشترکردنی سیستمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق .

با ئەو بنەما سەرەکییانە لەبیر نەکەین کە دەبنە ھۆی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی ئابووری و داھێنان، ئەویش، سیستمی خوێندن و پەروەردەمانە. کارنامەی چاکسازییەکانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەک ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستمی پەروەردەماندا بچینەوە و میکانیزمەکانی دڵنیایی جۆریی بەھێز بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاکسازیی کارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەریی دامەزراوە پەروەردەییەکان. لە ھەمانکاتدا، باشترکردن و بەھێزکردنی ئاستی قوتابیانمان، لە پێشینەی کارەکانمانەوەیە و فێرکردنی قوتابیانمان چەقی گرنگیدانمانە.

لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە کە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگامان لەبەردەم کاری ئەکادیمی سەربەخۆ کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە ، خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە داھێنان دەکاتە کرۆکی سیستمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەکی زانستخواز بنیات بنێین، نەتەوەیەک، بەدرێژایی ژیانی بەدوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەکسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت.

وەک دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی کوردستانە، ئێوە لەناو ئەو باشترینانەدان کە ساز و ئامادەن بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە. داواتان لێدەکەم لە کارەکانتاندا، ئەوپەڕی ئێتیک و پێوەری ئەخلاقی پیشەیی ڕەچاو بکەن. ناسنامەی خۆتان و نیشتمانەکەتان لە ناو دڵتاندا بێت، تەنانەت ئەوکاتانەش کە لە جیھاندا بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێن. خزمەتی ئەو نەتەوە و نیشتیمانەت بکە کە لەم گەشتەی ژیانتدا، پشتیوانی کردی. بە مانای وشە ھاووڵاتی بن، ئەو ھاووڵاتیانەی خزمەت دەکەن و کۆمەڵگەکەیان دروست دەکەن و سەری دەخەن.

با بەبیرتانبێنمەوە، سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی، لە دەستنیشانکردنی ئامانجەوە دەست پێدەکات: مەترسن و بەردەوامبن لە گەیشتن بە خولیاکانتان، بەڵام ھەرگیز ئەو بەھایانە لەبیر نەکەن کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە.

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر، کوردستان پێویستی بە وزە و بیرۆکە و سەرکردایەتی ئێوەیە.

وەک نەوە دوای نەوەکانی پێشمەرگەکانمان، کە قارەمانانە شەڕیانکرد و قوربانی زۆریاندا بۆ پاراستنی خاک و وڵاتمان، وەک خاوەن دیدگاکانمان کە دامەزراوەکانمانیان دروست کرد، وەک ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بێوچان و ماندووبوون ڕۆژانە بۆ بەھێزکردن و خزمەتکردنی نەتەوەکەمان تێدەکۆشن، ئێوەش پێویستە ئەم چرایە ھەڵگرن و بۆ پێشەوە بڕۆن.

دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی ٢٠٢٥ دەکەم.

هەواڵی پەیوەندیدار