دەستەی وەبەرھێنان قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێم بۆ KDP ئاشكرا دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بەھۆی ئاسانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا سەرمایەی وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لە ١٠ ملیار دۆلار و لە ١٣ سێکتەری جیاجیا و بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی سەرمایەی وەبەرھێنانی بیانی زیاتر بکرێت.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، قەبارەی وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان تا ئێستا دەگاتە ١٠ ملیار و ١٣٠ ملیۆن دۆلار، کە لە ١٣ سێکتەری جیاجیا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە وەکو سێکتەری کشتوکاڵ و پیشەسازی و نیشتەجێبوون و بازرگانی و پەروەردە و خوێندنی باڵا، بۆیە جگە لە پڕۆژەی کەرتی نەوت و غاز ئەوان سەرمایەیان زۆرترە، بۆیە ئاسانکاری زۆر بۆ وەبەرھێنەری بیانی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە دووساڵ پێش ئێستا یەکەی ڕاکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی بەھاوکاری لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بووە بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان برەخسێت.
دکتۆر محەممەد شوکری گوتیشی، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین دەرفەتەکانی وەبەرھێنان بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی ھانی وەبەرھێنەری بیانی بدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان لەو دەرفەتانەی خستوومانەتەڕوو کاری لەسەر بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆری وەبەرھێنانی ھەیە و تاوەکو ئێستا کاری لەسەر نەکراوە، بۆیە داوا لە وەبەرھێنەرانی بیانی دەکەین بێن لە ھەرێمی کوردستان لە نزیکەوە دەرفەتەکان ببینن و کاری لەسەر بکەن.
سەرۆکی دەستە دەشڵێت، لە سنووری ھەموو پارێزگاکان نەخشەی وەبەرهێنان دروست کراون و ئێستا ٦٢پڕۆژەی گەشتوگوزار لەناو وێپسایتی خۆمان ھەیە بۆ ئەوەی بێن کاری لەسەر بکەن وەبەرھێنەری بیانی و لە پڕۆژەکانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و خوێندنی باڵا ئاسانکاری زیاتر دەکرێت بۆ ئەوەی بێن کاری لەسەر بکەن و کارگەی زۆر دروست کراون بە ھاوکاری وەبەرھێنەری بیانی، هاوکات ئێمە زیاتر کار لەسەر کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و تەندروستی و گەشتوگوزار و پەروەردە و فێرکردن و ژێرخانی ئابووری ڕێگەوبان و ھێڵەکانی شەمەندەفەر و دروستکردنی بەنداوەکان دەکەین، هەروەها سیستەمی بانکیش بەھەمان شێوە وزەی نوێبووە ئەمانەش دەرفەتی باشن بۆ وەبەرھێنەری بیانی بێن کاری لەسەر بکەن و ئێمەش ھاوکاری تەواو و ئاسانکاری باشیان بۆ دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




