٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشتیوان سادق: ئەوەی ئێستا ستەمێکە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە خەڵکی کوردستانی دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە ''سیاسییە، ئاماژە بەوەش دەکات، ''دەسەڵات لە بەغدا لە جێبەجێکردنی دەستوور و پێدانی مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبووەتەوە.''

ئەمڕۆ یەکشەممە 01-06-2025 کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی منداڵان، بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، کۆڕبەندی منداڵ ئایندەیە، هەنگاوێک بەرەو گەشەپێدانی منداڵان'' لە هەولێر بەڕێوەچوو. 

پشتیوان سادق لە کۆڕبەندەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە رایگەیاند، ''بڕیارەکە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هەیە.'' 

پشتیوان سادق بڕیارەکە بە سیاسی دەزانێت و دەڵێت، ''بەردەوام لە چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لە ساڵی 2014ـوە، لەم جۆرە بڕیارانە دژی هەرێمی کوردستان دەردەچن.'' 

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی، ''ئێمە پێمان وابوو لەبەر ئەوەی پێشتر سەردەمی رژێمی بەعس لەگەڵ شیعەکان زۆر زەحمەتمان کێشاوە، ئەو حکوومەتە سوود لە رابردوو وەردەگرێت و دەتوانین پێکەوە وڵاتێکی نوێ دروست بکەینەوە.''

پشتیوان سادق باسی لە پێکهێنانی پڕۆسەی سیاسی لە ساڵی 2003 کرد و گوتی، ''سەرکردەکانی کورد ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی نوێی عێراق و نووسینەوەی دەستووردا هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەو برادەرانەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتن، دوای ئەوەی تۆزێک خۆیان تووندوتۆڵ کرد، لە دەستوور و مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبوونەوە.'' 

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوە کردەوە، بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان 100٪ سیاسییە  و رایگەیاند، ''لەکاتێکدا هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ کردوون، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەرکاردەهێنرا.''

پشتیوان سادق گوتیشی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕوای بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و دەستوورەوە هەیە و رایگەیاند، ''تەنیا خاڵیک کە دەتوانین بە لەبەرچاوگرتنی، جەخت لە مافەکانی خۆمان بکەینەوە و پێیان بگەین، یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستانە. ئەوەی ئێستا لەئارادایە، ستەمێکە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە خەڵکی کوردستانی دەکەن.''  

هەواڵی پەیوەندیدار