سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە سیناتۆری ئەمەریکی جاکی ڕۆزن کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە ٣١ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە سێناتۆری ئەمەریکی جاکی ڕۆزن کرد.
لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری کرایەوە، لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگی سەردانی سەرکەوتووی ئەم دواییەی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمەریکا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆنگرێس و ئیدارەی ئەمەریکا کرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لە سەر ڕێزگرتن و پاراستنی قەوارەی فیدراڵی ھەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.
گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشیی عێراق و سووریا و ناوچەکە بە گشتی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.




