وەزیری پەروەردە زۆرشت له ڕێگهی KDPیهوه لهبارهی تاقیکردنەوەكانهوه ئاشكرا دهكات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاریی تەواو بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کراوە، کە زیاتر لە ١١٥ ھەزار قوتابی بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەن و ئەمساڵیش ناوی یەکەمەکان راناگەیەنین.
دکتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لیژنەی باڵای ئەزموونەکان ئامادەکاریی تەواوی بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کردووە و ١١٥ ھەزار و ٧٨٧ قوتابی ئەمساڵ بەشداری لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەن، کە لە ٢ ھەزار و ١٧ ھۆڵ تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگیمان کردووە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ھەماھەنگی کراوە بۆ گواستنەوەی پرسیارەکان و لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە بۆ ماوەیەکی کەم ھێڵی ئینتەرنێت کار نەکات و لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەی کارەبای بەردەوام بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابین بکەن، ھەوڵیش دراوە و کار کراوە بۆ ئەوەی ھەر گرفتێکیش دروست بێت، چارەسەر بکرێت.
دکتۆر ئالان گوتیشی، لیژنەیەکی باڵا پێکھاتووە بۆ ئەزموونەکان کە بریکاری وەزیر و دوو جێگری و بڕیاردەر و مامۆستای بابەتەکان سەرپەرشتی دەکەن، جگە لەوانەی پرسیارەکان ئامادە دەکەن و تایپی دەکەن و دەیخەنە ناو زەرف، ھیچ کەسێک پرسیارەکان نابینێت، تەنانەت سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکانیش کە بریکاری وەزیرە و خۆشم و جێگرەکانی بریکاریش کە سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەزموونەکانە و پرسیارەکانیش پێش تاقیکردنەوەکان رەوانەی ھۆڵەکان دەکرێن و تیمێکی وەزارەتیش لەگەڵ ئەوانەن پرسیارەکان دەگوازنەوە، بۆیە پرسیارەکان تەواو پارێزراون و بە ھیچ جۆرێک رێگە بە قوتابی نادرێت گزی بکات و ئەوەی بیکاتیش ئاشکرا دەبێت و ئەو ساڵەش بە کەوتوو حیسابە، کە بڕیارە دوای ئەنجامدانی ھەر تاقیکردنەوەیەک وەڵامەکان ئاشکرا بکرێن.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، بۆ ئەمساڵ یەکەمەکان راناگەیەنین و تەنیا ئەنجامەکانی خۆی لە تاقیکردنەوەکان وەردەگرێتەوە، چونکە ھەموو تەرکیزەکە دەخرێتە سەر ئەوانەی بوونەتە یەکەم، بۆیە مەراسیم ناکەین و کۆنگرەی رۆژنامەوانیش ساز ناکەین، هەروەها باسی ئەوەش ناکەین کێ بووەتە یەکەم و لە رێگەی ھەڵسەنگاندنەوە ئەنجامی خۆیان وەردەگرنەوە، بەڵام ھەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین رێژەی دەرچوونیان چۆنە، بۆ ئەوەی ئاستی سەرکەوتن زیاتر بکەین.
ھەفتەی داھاتوو رۆژی یەکشەممە، یەکەم تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەست پێدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواوی کردووە.
بڵند ئیبراھیم




