موسا ئەحمەد: بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەنێین

هەولێر-KDP.info- مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایدەگەیەنێت، بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، سەرمایەداران و هاووڵاتییان، بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، دادەنێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-05-2025، بە چاودێریی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێرەوە ڕاگەیاند، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە وتەیەکیدا گوتی، "ئەمڕۆ، ڕۆژێکی مێژووییە لە تێکۆشانی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە چاودێریی مەسروور بارزانی.
موسا ئەحمەد ڕایگەیاند، "وەکو پڕۆژەکانی دیکەیان، بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، هاووڵاتییان و سەرمایەدارانی کوردستان، نموونەیەکی جوان و بناغەیەکی پتەو دادەڕێژن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای کرد، "پڕۆژەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، پڕۆژەیەکی چڕ و پڕ و هەمەلایەنەیە، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆریان کردووە بۆ داڕشتنی پلانێک کە لەماوەی ئەمساڵدا، هیچ ناوەندێكی خوێندن و ناوەندێکی ئاینی و مزگەوت، تەنانەت هیچ ماڵێک نامێنێت بە ئاستی تێگەیشتنی خۆیان، ئامۆژگاری و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکانیان بەشێوەیەکی زانستی بۆ ڕوون نەکرێتەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "لە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی دەزگای(LDS)ـی ئەمەریکی دروست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، "بە هەماهەنگیی هاوبەشەکانیان لە کوردستان و عێراق و دەرەوە، لە هەموو پارێزگاکاندا نموونەی ئەو ناوەندە لە هەولێر کاری تێدا دەکرێت، بۆ شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دەکرێتەوە.




