پارێزگار: سەرەتای مانگی تەممووز ئاو دەگاتە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی هەولێر

هەولێر-KDP.info- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە، کارەبای هەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە نێو بازنەی 120 مەتریی هەولێر، دەبێتە 24 کاتژمێری دهشڵێ، سەرووی سەدا 75ـی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە و سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ، ئاوی ئەو پڕۆژە دەگاتە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی هەولێر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو کۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند، "سەرووی سەدا 75ـی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە، کە لە قۆناغی یەکەمدا 10 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات. سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ، ئاوی ئەو پڕۆژە دەگاتە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی هەولێر. ڕاشیگەیاند، "کۆمپانیایەک تۆڕی ناوخۆیی دروست دەکات، بڕیارە بەر لە وادەی خۆی پڕۆژەکە تەواو بکات و لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو بەیەکەوە لە مانگی تەممووزدا دەست به دابینکردن و دابەشکردنی ئاو بکەن.
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو دەگاتە زیاتر لە سەدا 70ـی ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە ئاوی پڕۆژەکانی ئیفراز یەک، ئیفراز دوو، ئیفراز سێیان پێ ناگات و پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.
خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ، بەهۆی وشکەساڵییەوە دابینکردنی ئاو لە هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە دۆخێکی خراپدایە، لێکەوتەکانی ساڵی ڕابردووش بەسەر هەرێمی کوردستان و شارەکەوە دیارە، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکیی دەبێتە هاوکار بۆ کارپێکردنی بەردەوامی بیرەکانی ئاو بۆ ئەو گەڕەکانەی پشتیان بە ئاوی بیرەکان بەستووە.




