٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت بایی ٢٤٠ ملیار دینار پڕۆژەی لە شێخان جێبەجێ کردووە

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆری بە قەزای شێخان داوە، بە گوژمەی ٢٤٠ ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆری لێ جێبەجێ کراوە، ئێستاش بە گوژمەی ١٣٥ ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردن دان." 

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خزمەتێکی زۆری بە شێخان کردووە، لە کاتێکدا پێویستە ئیدارەی مووسڵیش خزمەتی بکات، چونکە شێخان لەڕووی ئیداری سەر بە پارێزگای دھۆک و شێخانە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکی خزمەتکردنی خەڵکی شێخان ھەڵساوە، بە گوژمەی ٢٤٠ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری جۆراوجۆری لە شێخان و دەوربەری جێبەجێ کردووە، تەنیا لە ساڵی ڕابردوو دوو پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە شێخان جێبەجێ کراون، یەکێکیان پڕۆژەی دووسایدی شێخان بۆ پەرستگای لالشە، بە گوژمەی ٢٨ملیار دینار، کە ٧٠%ی تەواو بووە، ئەوەی دیش پڕۆژەی دووسایدی شێخان بۆ باعدرێیە، درێژی ٢٦کم دەبێت و حەوت ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی تێدایە و گوژمەی ١٣٥ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و ٥٠%ی تەواو بووە." 

سەردار شێخ یەحیا گوتیشی، "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی ٢٤٠ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ کراون، ئێستاش بە گوژمەی ١٨٥ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردن دانە، ٤٩ پڕۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی ٢٢ملیار دینار لە بواری ئاو، ئاوەڕۆ، ڕێگاوبان، تەندروستی، پەروەردە و کەرتەکانی دیکە لە قەزای شێخان و ناحیەکان لە بواری جێبەجێکردن دان، ئەمە جگە لەو دوو پڕۆژە ستراتیژییەی ڕێگاوبان کە باسمان کرد لە بواری جێبەجێکردن دان، کە دوو ڕێگای زۆر گرنگ و ستراتیژین." 

دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە پڕۆژەی ڕێگاوبان داوە، لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی و شێخان بە تایبەتی، کە جگە لە ڕێگا سەرەکییەکان ڕێگای زۆربەی گوندەکانیش دروست کراوە، لەوانە ناحیەی کەلەکچی سەر بەقەزای شێخان ڕێگای سەرجەم گوندەکانی چاککراوە، بەردەوامیش بودجەمان بۆ سەرف دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی تازە لە قەزای شێخان و دەوروبەری." 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار