٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوکری بۆ KDP: چەند شاندێکی فەڕەنسی دێنە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ١٦ ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێن و کۆمەڵێکیشیان دەست بە دروستکردنیان کراوە. دەشڵێ، ھانی کارگەکانی فەڕەنسا دەدەین بێن لەو ناوچانە کار بکەن، بۆیە مانگی داھاتوو چەند شاندێکیان دێنە ھەرێم.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە وڵاتی فەڕەنسا بەشداریمان لە کۆڕبەندێکی ئابووریی فەڕەنسی _عێراقی کرد، کە کۆڕبەندێکی زۆر گرنگ بوو ھەم پانێل و ھەمیش کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری بازرگانیی فەڕەنسا ئەنجام دا و بڕیارە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا چەند شاندێکی فەڕەنسی بێنە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە بواری وەبەرھێنان کار بکەن، کە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاریس، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان ھەبوو و بڕیارە فەڕەنسا بێت لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکات، بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و دەیانەوێت وەبەرھێنەرانی فەڕەنسی لە بواری شیرەمەنی لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.

شوکری گوتیشی، دەمانەوێت پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا زیاتر بچێتە پێشەوە، بۆیە گرنگیی زۆری پێدەدرێت و ھەوڵ دەدەین ئاستی قەبارەی وەبەرھێنانی فەڕەنسی لە ھەرێمی کوردستان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بکرێت، بۆیە بەردەوام لە ھەوڵدا دەبین تاوەکو وەبەرھێنەرانی بیانی زیاتر بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، چونکە دەرفەتی زۆر باشمان ھەیە و ئاسانکاریی تەواویشیان بۆ دەکەین.

دەشڵێت، دەمانەوێت ھەرێمی کوردستان زیاتر بە جیھان بناسێندرێت و ئەمە لە ساڵێکدا دوو کۆڕبەندە لەگەڵ فەڕەنسا ئەنجام دەدرێت، یەکەمیان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و ئەوەی ئێستاش کۆڕبەندی ئابووریی فەڕەنسی _ عێراقی بوو، بۆیە ئێمە دەرگامان بۆ فەڕەنسا کردووەتەوە بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، خوازیاریشین کۆمپانیاکانی فەڕەنسا بێن لە ھەرێمی کوردستان زیاتر وەبەرھێنان بکەن، کە ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەی کشتوکاڵی ئەنجام دەدەن و لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە.

د. محەمەد ئاماژەش دەدات، لە ھەرێمی کوردستان ١٦ ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێن، کە لە زاخۆ دەستی پێکردووە و لە دھۆکیش یەکێک و لە سلێمانی یەکێک و لە ھەولێر دوو دروست کراون و لە ئاکرێ و بەردەڕەش و گەرمیان و ھەڵەبجە و سۆران و شارەکانی دیکەش دروست دەکرێن، بۆیە داوامان لە فەڕەنسا کردووە لە رێگەی کارگەکانی خۆیانەوە کار لەو ناوچانە بکەن، کە لە ئێستادا سەرقاڵی دەرکردنی رێنمایین و یاسایەکیشی بۆ دەردەچێت و دامەزراوەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی ناوچە پیشەسازییەکان دادەمەزرێت، کە بێگومان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی بە ھەموو سێکتەرەکان دەدات و ئێمەش دەرفەتێکی باشمان بۆ وەبەرھێنەری بیانی رەخساندووە و لە ماوەی ڕابردوودا بە سەدان وەبەرھێنەری بیانی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان کار بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار