ئەمڕۆ یازدەیەمین کەرنەڤاڵی ڕۆژی بە پارێزگابوونی دھۆک بەڕێوەدەچێت

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ کەرنەڤاڵی یازدەیەمینی ٥٦ ساڵەی بەپارێزگابوونی دھۆک لە ژێر ناوی (جوانی و خزمەت) لە دھۆک بەڕێوە دەچێت، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ھونەری دھۆکیش دەڵێت، کەرنەڤاڵی ئەمساڵ جیاوازتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو و کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێن.
ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و ھونەری لە پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ماوەی دوو مانگە ئامادەکاری بۆ کەرنەڤاڵی بەپارێزگابوونی دھۆک دەکرێت و ئامادەکارییەکان تەواو بوونە و ئەمڕۆ کاتژمێر شەشی ئێوارە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و حکوومی و خەڵکی پارێزگای دھۆک کەرنەڤاڵەکە دەست پێدەکات، کە کۆمەڵێک بڕگە و چالاکیی جۆراوجۆر ئامادە کراون و ئەمساڵ جیاوازتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو.
ئەمیر عەلی گوتیشی، لەو کەرنەڤاڵەدا کار و چالاکییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێشکەشی دھۆکی کردووە، نمایش دەکرێن لەگەڵ خەڵاتکردنی ئەو کەسانەی شوێنپەنجەیان لە دھۆک دیارە، ھەروەھا ئەمساڵ چەندین تیپی میللی گۆرانی و داوەت بەشداری دەکەن و کۆمەڵێک چالاکیی دیکەش ئەنجام دەدرێن، بۆیە کەرنەڤاڵێکی زۆر رێکوپێک دەبێت و ئامادەکاریی بۆ کراوە و ئەمڕۆ بە شێوەیەکی زۆر جوان ئەنجام دەدرێت.
دەشڵێت، ئەو کەرنەڤاڵە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و ھونەری دھۆک بە پاڵپشتیی پارێزگاری دھۆک بەڕێوەی دەبات، کە لەو کەرنەڤاڵەدا ئاھەنگی فۆلکلۆری بە گۆرانی و سەمای میللی بە بەشداریی تیپی دھۆک و شاریا و نەھێل و گولی ھونەری میللی لەگەڵ دەنگبێژ ھشیار سندوری و تەحسین خدر فەقیر و مۆزیکژەن بەنگین باڵەبان ئەنجام دەدرێت.
بڵند ئیبراھیم




