٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھاووڵاتیان بۆ KDP: کاتی ئەوەیە ھەمووان پێکەوە لە پشت حکوومەتی خۆمان بین

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- بە سەرپەرشتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوو ڕێککەوتنی گەورە لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و گەورە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە بواری وزەدا واژۆ کران، ئەوەش پاڵپشتیی حکوومەتی ئەمەریکای لێکەوتەوە، ھاووڵاتیان دڵخۆشن و پێیان وایە ئەم ھەنگاوە ئاسایشی ئابووریی کوردستان جێگیر دەکات.

تاڤان بارزان، ھاووڵاتی لە پارێزگای ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بە خۆڕاگرییەوە ھەنگاو دەنێت بۆ بەھێزکردنی زیاتری کوردستان لە سێکتەرە جیاوازەکان، واژۆکردنی دوو گرێبەستیش لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا لە بواری وزە، پشتیوانیی گەورەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی بەدوادا ھات، کە پێمان دەڵێ، کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە و بەردەوام بەرەو بووژانەوە و گەشەی زیاتر ھەنگاو دەنێت، بۆیە کاتی ئەوەیە شەقامی کوردی و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پێکەوە لە پشت حکوومەتەکەی خۆمان بین، ئێمەش دڵخۆشین بەو ڕێککەوتنە گەورانەی بواری وزە، کە ئێستا و ئایندەی خەڵکی کوردستان گەرەنتی دەکات.

شاگوڵ دڵشاد، ھاووڵاتی لە پارێزگای سلێمانی، لای خۆیەوە دەڵێ، بێگومان ئەو گرێبەستانەی وزە کە ئەنجام دران لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا، لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە گرنگن، کە بێگومان پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمەریکا زیاتر بەھێز دەکەن و دەرچەیەکی گرنگیشە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە دروستکراوەکان بۆ ئابووریی کوردستان، ھەروەھا وڵاتەکەمان بەرەو بووژانەوە دەبات و ئاسایشی ئابووریمان مسۆگەر دەبێت، ڕێککەوتنەکە سوودی گەورەشی بۆ ھاووڵاتیان بە گشتی دەبێت، بۆیە پێویستە ھەمووان پشتیوانی سەرۆکوەزیران بین.

ھاوکات، عومەر فارس، شارەزای ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی وزە بە بەھای ١١٠ ملیار دۆلار، جێگای خۆشحاڵییە، دەبێتە ئومێدی ئێستا و داھاتوو بۆ خەڵکی کوردستان و دەڕۆینە سەر نەخشەی جیھانیی وزە، ئەمەش قۆناغێکی گرنگە لە بەرەوپێشچوونی سێکتەری بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەمان، ھەروەھا ئاسایشی ئابووریی کوردستان پاش ڕێککەوتنی وزە، دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و ھانی کۆمپانیای زیاتری ئەمەریکا و دەوڵەتانی تر دەدات بێنە کوردستان وەبەرھێنان بکەن، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئابوورییەکی بەھێز و بوونی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیان.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار