٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنوەری حاجی عوسمان: ھەموو کچ و کوڕێکی ئەم وڵاتە بە ‌ڕووی دوژمندا تەقینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەشداربوویەکی شۆڕشی گوڵان دەڵێ، لە شۆڕشی گوڵاندا ھەموو کوڕ و کچانی کورد لە ڕووحیاندا بوونە پێشمەرگە و بە ‌ڕووی دوژمندا تەقینەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش ‌کرد، پێشمەرگە بە چەکی سادە، بەڵام بە بیروباوەڕێکی بەھێز، توانی بەرەنگاری تەکنەلۆژیای بەعس ببێتەوە.

فەریقی یەکەم ئەنوەری حاجی عوسمان، لەبارەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازەوە، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی گوڵان بە قۆناغی زۆر سەختدا تێپەڕی، چونکە سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە بڕیاری دا جارێکی دیکە سەنگەر لە دوژمن بگرین و دەست بە شۆڕش بکەینەوە دژی داگیرکەران، ئەو پەیامە بە ‌گوێی دوژمندا بدەین کە ھەرچی موئامەرەیە کردووتانە لە ھێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان، ئەمە تەنیا کاتی بووە و دوای ساڵێک شۆڕش دووبارە دەستیپێکردەوە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا شۆڕش لە زاخۆ تا خانەقین دەستیپێکرد و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان خۆی ڕێکخستەوە و یەکخستەوە و ھێرشی پێچەوانەی بۆ سەر گەورەترین و دڕندەترین ھێزی ئەو سەردەمەی بەعس دەست پێکرد، ئەو چەکانەی شاردرابوونەوە لەلایەن خەڵکی بەشەرەفی کوردستان چەکەکان ڕادەستی پێشمەرگە کرانەوە و لە ھەموو ناوچەیەکی کوردستان ئاگرمان لە مۆڵگەکانی بەعس بەردایەوە.

فەریقی یەکەم ئەنوەری حاجی عوسمان دەڵێت، ئەو ڕۆژانەم بەبیر ھاتەوە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەگەرچی ژمارەیان کەم بوو، بەڵام ھێز و باوەڕێکی پتەویان ھەبوو، چونکە پێشمەرگە ئەمڕۆیان لە ‌بەرچاو بوو بە دڵنیاییەوە ئەو قسەیە دەکەم، ئەگەرچی ژمارەی پێشمەرگە کەم بوو، باوەڕمان ئەمەندە بەھێز بوو بەو چەکە کلاسیک و ئاساییانەی ھەمان بوو، ھەموو تەکنەلۆژیای ئەوکاتی بەعس بشکێنین و خەبات بکەین.

ئەنوەری حاجی عوسمان ڕوونیشیکردەوە، زۆر پڕوپاگەندەی ئەوە ‌دەکرا ئیدی شۆڕش کۆتایی ھات و بەعس زۆر ڕێکلامی دەکرد بۆ دابەزاندنی ورەی جەماوەری کوردستان، بەداخەوە نائومێدی لای بەشێک لە خەڵکی دروست ببوو، ھەتا ڕژێم ئیدیعای ئەوەی دەکرد چیتر پێشمەرگە چیاکانی قەندیل و خواکوڕک و گارە و ھەورامان نابیننەوە، بەڵام لەبیرمە ئەوکات ھەموو کچ و کوڕێکی ئەم وڵاتە لە ڕووحیدا بوو بە پێشمەرگە و بە ‌ڕووی دوژمندا تەقییەوە، ئەو ڕۆژانەی پێشمەرگە ‌بووین و شۆڕشمان ھەڵگیرساند بەرھەمەکەی بینیمان ئەمڕۆ لە ‌ئاستی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردسان پێگەی تایبەتی خۆی ھەیە و کورد بووەتە خاوەنی زۆر دەستکەوت.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار