وهزیره پیرداود بۆ KDP: پێشمهرگه دهسته دهسته هاتنهوه ناو خاكی كوردستان

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی تێکۆشەران ئاماژە بە ڕۆڵی ئافرەت لە شۆڕشی گوڵاندا دەکات و دەڵێ، ئافرەت شانبەشانی پێشمەرگە خەباتی دەکرد و ئافرەت ھەبووە زێڕی خۆی فرۆشتووە و بۆ پێشمەرگەی ناردووە.
وەزیرە پیرداود، ئەندامی ئەنجوومەنی تێکۆشەران، لەبارەی ڕۆڵی ئافرەت لە شۆڕشی گوڵاندا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لای ھەموومان ئاشکرایە شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بووە، بە سەرکردایەتییەکی کاتی توانیمان شۆڕش بەرپا بکەین و چەندین چالاکی و نەبەردیی قارەمانانە لەناو خاکی کوردستان لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگەوە تۆمارکران، دوای دەستپێکردنی شۆڕش بە شێوەیەکی فەرمی لە ٢٦ی گوڵان، پێشمەرگە دەستە دەستە ھاتنەوە ناو خاکی کوردستان و ئێمەش لەناو خاکی ئێران دەستمان بە خۆڕێکخستنەوە کرد.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی تێکۆشەران گوتیشی، ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٠ کۆنفرانسێک لە کەرەج بەڕێوەچوو و ھەموو ڕێکخراوەکانی حزب بەشدارییان لە کۆنفرانسی کەرەج کرد، لە کۆنفرانسی کەرەج ھەوڵدرا ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئافرەتیش ڕۆڵی خۆی بگێڕێ لەناو شۆڕشی گوڵاندا، لەو کۆنفرانسەدا بڕیار درا جارێکی دیکە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دابمەزرێتەوە و چەندین ئافرەت دیاریکران شار بە شاری ئێران گەڕان بۆ دەستپێکردنەوەی ڕێکخستن و کاری پارتایەتی، ھەروەھا بڕیار درا کۆنفرانسی یەکێتیی ئافرەتان و قوتابیان و لاوان لە ناو خاکی کوردستانی باشوور ئەنجام بدرێت و ئەوە بوو کۆنفرانسەکە لە ناوچەی خواکوڕک بەڕێوەچوو و سکرتێر و دەستەی سکرتاریەت ھەڵبژێردران، ئافرەت ھاوشانی پێشمەرگە ڕۆڵی خۆی ھەبوو لەناو شۆڕشدا، بۆ نموونە لە داستانی خواکوڕکدا ئافرەت بەشداری ھەبووە و ئاوارەکان ھاوکار و پاڵپشتی پێشمەرگە بوون لە ناردنی ھاوکاری، ھەتا ئافرەت ھەبووە زێڕی خۆی فرۆشتووە و ناوماڵی فرۆشتووە نان و خورمای بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە ناردووە.
وەزیرە پیرداود ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئافرەتان داوایان کرد لە شەڕی خواکوڕکدا بچنە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن، بەڵام سەرۆک بارزانی وەڵامێکی جوانی داینەوە و فەرمووی: (ڕۆڵی ئێوە لە پشتی سەنگەرەوە لە ڕۆڵی پێشمەرگە کەمتر نییە و بڕۆنەوە ئێران ئاڵای پارتی و ئافرەتان بەرز بکەنەوە). لە کاتی کارەساتی ھەڵەبجە ئافرەتان بەردەوام لە ئەرکدا بوون بۆ تیمارکردنی برینداران، ھەروەھا لە ڕێکسختنی ناوشار و نھێنیدا، ئافرەت ڕۆڵی سەرەکیی ھەبووە.
قائید میرۆ




