٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ: لە شۆڕشی گوڵاندا لێھاتوویی و گەورەیی سەرۆک بارزانی دەرکەوت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان دەڵێ، بە ھۆی‌ گەورەیی و لێھاتوویی سەرۆک بارزانی، چەند ڕۆژێک دوای ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر دەستمان بە شۆڕش کردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوژمنانی کورد پێیان وابوو جارێکی دیکە شۆڕشی کورد بەرپا ناکرێتەوە، بەڵام شۆڕشی گوڵان بووە درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن.

عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، جێگری سەرۆکی دەزگای ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، بەڵام گرینگیی لەوەدایە گەورەیی و لێھاتوویی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێ لە شۆڕشی گوڵاندا، چونکە پیلانێکی زۆر گەورە لە ‌دژی شۆڕشی ئەیلوول بەڕێوەچوو، پیلانەکە نێودەوڵەتی بوو لەنێوان وڵاتانی ئیقلیمی و ناوچەکە، ھۆکاری پیلانەکەش ئەوە بوو گەورەیی شۆڕشی ئەیلوولیان پێ ھەزم نەکرا، لەبەر ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو بە رابەڕایەتیی بارزانیی نەمر، کە دوژمنانی کورد و کوردستان ئەوەیان پێ ھەزم نەکرا و کەوتنە پیلانگێڕی بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشی کوردستان، ھەوڵیان دا بە ھەر شێوازێک بێت کۆتایی بە شۆڕش بێنن و شۆڕش لەناو ببەن، ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر واژۆ کرا بەنیازی خۆیان کۆتایی بە کورد و شۆڕش دێت، بەمەبەستی پاراستنی خەڵکی کوردستان لە کوشتن و زیندەبەچاڵکردن و مردن، ئێمە لە خزمەت سەرۆک بارزانیدا بووین و بەرەو ئێران ئاوارە ‌بووین.

جێگری سەرۆکی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان گوتیشی، سەرۆک بارزانی تەحەددای ئەو ڕێککەوتنە خیانەتکارانەی کرد و لە ‌ماوەیەکی زۆر کورتدا توانی دەست بە شۆڕش بکاتەوە، ئێمە دەڵێین شۆڕشی ٢٦ی گوڵان، بەڵام لە ڕاستیدا ھەر چەند ڕۆژێک دوای ڕێککەوتنی خیانەتکاری جەزائیر شۆڕش دیسان دەستی پێکردەوە، من پێموایە شۆڕش لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٥ دەستی پێکردەوە، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی بۆ جاری یەکەم لە ‌ناوەڕاستی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٥ لەناوچەی حەوت چەشمەی سەر بە شاری نەغەدەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستی بە شۆڕش کرد، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی ئێران و دەزگای ساواک چاودێرییەکی زۆر خرابووە سەر کادیر و سەرکردەکانی ئێمە و ماڵی سەرۆک بارزانی دەورپێچ کرابوو لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە و دەرفەتی ھیچی نەدەدا، بەڵام لەو کاتە ناسکەدا سەرۆک بارزانی بە ‌یاوەریی ژمارەیەک ھەڤاڵ بە بیانووی ئەنجامدانی گەشت، خۆیان دەگەیەننە حەوت چەشمەی نەغەدە کە ناوچەیەکی گەشتیاری بوو و کۆبوونەوەیەک بەڕێوە ‌دەبەن و ھەر لەوێ بەیانێک دەردەکەن.

عەبدولڕەحمان مەلا رەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٥ ژمارەیەک سەرکردە و کادیری سیاسی و سەربازی ڕەوانەی باشووری کوردستان دەکرێنەوە و دەست بە خۆڕێکخستنەوە دەکەن، ئێمەش لە وڵاتی ئێران وەک کادیرانی پارتی کەوتینە خۆئامادەکردن، لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ شەرەفی ئەوە بە خەڵکی حاجی ئۆمەران بڕا یەکەم تەقەی شۆڕش لەوێوە دەستیپێکرد و ئەو ڕۆژە بە ‌تەواوەتی ناونرا دەستپێکی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز.

هاوکات دەشڵێت، من ئەو قسەیە بۆ مێژوو دەکەم، ھیچ کاتێک سەرۆک بارزانی شەڕی نەویستووە، بە پێچەوانەوە، سەرۆک بارزانی ھەمیشە بە ‌درێژایی تەمەنی لەگەڵ پێکەوەژیان بووە، پێکەوەژیان لە ‌نێوان کورد و عەرەب و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە، ئەوە سەرانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقن بە درێژایی مێژوو ھێرشیان کردووەتە سەر گەلی کورد و ھیچ مافێکیان پێ ڕەوا نەبینیوە، ئێستاش دوای نزیکەی پەنجا ساڵ بەسەر بەرپاکردنی شۆڕش، ھێشتا سەرۆک بارزانی ھەر لەسەر پەیامەکەی خۆیەتی بۆ پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان گەلانی عێراق و کوردستان، ئێستا دەبینین بە ‌شێوازێکی دیکە و لە ڕێگەی دیکەوە دژایەتیی کورد و کوردستان دەکرێت.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار