بنەماڵەی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان پەیامێك بڵاو دەكەنەوە

ھەولێر-KDP.info- بنەماڵەی شەھید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان، پەیامێک بە بۆنەی ٤٩ـیەمین ساڵڕۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بڵاو دەکەنەوە، وەک بنەماڵەکەیان بەڵێن و پەیمان تازە دەکەنەوە کە درێژە بە خەبات و کوردایەتی لەپێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی یەکجارەکی کوردستان بدەن.
ئومێد شەھید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی، وەک بنەماڵەی شەھید لە ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەڵێت، "لە ساڵیادی شۆڕشی گوڵان کە درێژکراوەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنە، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم گەلی کورد و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و سەرۆک مەسعود بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکانی بەشداربووی ئەو شۆڕشە مەزنە دەکەین".
ھەروەھا دەڵێت، "ئێمە وەکو بنەماڵە و ڕۆڵەی شەھید سەید عەبدوڵڵا یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان، ھەمیشە شانازی بە گەلەکەمانەوە دەکەین و سوپاسی پێزانینمان بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی دووپات دەکەینەوە، کە ساڵانە وەک وەفایەک بە پەرۆشی و بایەخەوە یادی شەھید سەید عەبدوڵڵا و شەھیدانی دیکەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان دەکاتەوە".
ئومێد شەھید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی کوڕی یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان لە پەیامەکەدا دەشڵێت، "لێرەشەوە بەڵێن و پەیمان تازە دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ھزری کوردایەتی، درێژە بە خەبات و کوردایەتی لەپێناو ڕزگاری و سەربەخۆیی یەکجارەکی کوردستان بدەین".




