٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە چاودێری سەرۆک بارزانی ساڵڕۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، (دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتننامەی جەزائیر) ساز کرا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمرۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٦-٥-٢٠٢٥، بە چاودێری جەنابی سەرۆک بارزانی، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٤٩ یەمین ساڵڕۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، (دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتننامەی جەزائیر) سازکرد، کە تیایدا شڕۆڤەو خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە کرا.

لەو دیدارەدا کە سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی و د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێرو ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی (پ د ک) و کادیرانی پێشکەوتوو سیاسی و دیبلۆماسی و پلەداری سەربازی و نووسەرو ڕۆشنبیران  ئامادەیی بوون، وێرای وتار، بەڵگەی دۆکیۆمێنتاری، چەندین پانێڵ بۆ ژمارەیەک لە توێژەرو پسپۆڕانی کورد و بیانی رێکخراو بە پشت بەستن بە بەڵگەی مێژووی خوێندنەوەو شیکردنەوەیان بۆ ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر خرایەڕوو، کە ئەو ڕێککەوتنامەیە لە بنەمادا دژی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، بەڵام بەھۆی ئیرادەی پۆڵاینی گەلی کوردستانەوە نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بە تەواوی بپێکێ و لە ٢٦ـی گوڵانی ١٩٧٦ شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوکردنی ئامانجە بەدی نەھاتووەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان یەکەم بڵێسەیدا و کاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانی درێژەپێدا، ئەو شۆڕشە، گیانی یەکڕیزیی گەلی کوردستانی بەرجەستە کرد، تاوەکو پێکھێنانی بەرەی کوردستانی.

شایەنی باسە لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥دا ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام حسێن، جێگری سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد ڕەزا شای ئێران، بە نێوەندگیریی ھۆری بۆمدین، سەرۆکی ئەوکاتی جەزائیر، بۆ ئەوەی بە ھاوکاریی یەکتر شۆڕشی گەلی کورد لەناوبەرن واژوو کرا، بەڵام ھەر زوو جارێکی دیکە بە فەرمانی بارزانی نەمرو بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاکە ئیدریسی جوانەمەرگ شۆڕش دەستیپێکردەوە و بەردەوامی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە چوارچێوەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازدا ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردی بەدوادا ھات و ئیرادەی گەلی کورد سەرکەوت و پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزرا.

هەواڵی پەیوەندیدار