کەرکووکی بۆ KDP: شۆڕشی گوڵان ئومێد و متمانەی بۆ گەلی کورد گەڕاندەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، شۆڕشی گوڵان ئومێد و متمانە و باوەڕی بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێکراوی کورد و کوردستان گەڕاندەوە و بۆ کوردستانییان و گشت عێراق و دەوڵەتانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند، کە ھیچ کات ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت و تاکو تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەدەست دێن لە خەبات و تێکۆشان کۆڵ نادات.
د. کەمال کەرکووکی، بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ٢٦ی گوڵان، کە ٤٩ ساڵ بەسەر شۆڕشی مەزنی گوڵانی پیرۆزدا تێپەڕ دەبێت، ڕێزی بێپایان بۆ گیانی پاکی سەرۆکی ڕۆحیی نەتەوەییمان بیرپاک و بیرتیژ و باوەڕ بە خوا و بە خۆی دووربینی کوردستان، مستەفا بارزانی و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان و شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و شەھیدانی بێسەروشوێن دەنێرین، سڵاو بۆ پێشمەرگە سەربەرزەکان و گشت دەزگا ئەمنییەکان و خۆبەخشانی ڕۆژانی تەنگانە و پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی خەڵکی سەربەرزی کوردستان و ھەموو بەرپرس و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، کە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بە ماوەیەکی کەم و زۆر پێوانەیی لە دژوارترین کاتەکاندا گیان لەسەر دەست و بە دڵێکی پڕ لە ھیوا و باوەڕ بە خۆ و بە گەل و بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و بە سەرکەوتن و ھەستانەوە و ڕووبەڕووی مەرگ و توندوتیژییەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی بەغدا و پیلانی نێودەوڵەتی و ھەرێمی بوونەوە و بەرامبەر بە کارە دڕندانەکانی نەیاران بە سەربەرزی و نەترسی و مەردانە و بێ سڵکردن لە مەرگ بە باوەڕی تەواو بە خۆ و پشتئەستوور بە ھێزی گەل وەستان و شۆڕشی گوڵانی پڕ لە شکۆیان بۆ ڕزگارکردنی گەل و خاکی کوردستان لە ستەم و دیکتاتۆریەت و بەدەستھێنانی مافی ڕەوای گەلی کوردستان لە کوردستانی باشوور بەرپا کرد و گوتیان: "کوردستان گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتە".
د. کەمال کەرکووکی گوتیشی، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی موەقەتە)یان دامەزراند و سەرکردایەتیی کاتیش شۆڕشی گوڵانی بەرپا کرد و ئومێد و متمانە و باوەڕی بۆ گەلی سەربەرزی ستەملێکراوی کورد و کوردستان گەڕاندەوە و، بۆ کوردستانییان و گشت عێراق و دەوڵەتانی ھەرێمی و جیھانی سەلماند، کە ھیچ کات ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێت و تاکو تەواوی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەدەست دێن، لە خەبات و تێکۆشان کۆڵ نادات.
کەرکووکی ئاماژەشی دا، شۆڕشی گوڵان ھەستانەوەی نەتەوەیەک بوو بە ڕووی داگیرکەرانی گەل و خاکی کوردستاندا و شکستھێنان بوو بە پیلانەکانی داگیرکەرانی گەلی کورد و کوردستان وەکو ڕێککەوتننامەکانی گامبڵ و سایکس پیکۆ و سەعد ئاباد و ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر و لە ھەمان کاتیشدا ئاوڕدانەوە و وەبیرھێنانەوەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر بوو و لەو کاتە تاریک و سامناکەدا زۆر بە نھێنی و دڵسۆزی و ئارامی کار دەکرا، تا لە پڕ بریسکەی بەھێز و ڕووناک و بەدەنگ لە بادینان و لە سۆران لە ناو جەرگەی کوردستانی باشوور دەنگی دایەوە.
بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بە فەرمانی ڕێزدار سەرۆکی نەتەوەیی گەلی کورد بارزانیی نەمر و ڕێنمایی ھەردوو ڕێزدار کاک ئیدریس بارزانیی ھەمیشە لەیاد و سەرۆک کاک مەسعود بارزانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی پێشکەوتووی پارتیمان، سەرکردایەتیی کاتی دامەزرێندرا، کە ئەو کاتە تەواوی کادر و سەرکردە و پێشمەرگەی گیانلەسەردەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەی مەرگ بوون بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەوا و داگیرکراوەکانی گەلەکەمان و گەڕانەوە بۆ سەر خاکی کوردستانی داگیرکراو بۆ زیاتر بەھێزکردنی باوەڕی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە خۆیان و بە ڕەوایەتیی مافەکانیان، بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، کە ھەرچەندە لەو ڕۆژگارەدا کوردستان کەوتبووە ناو تەمومژ و تاریکییەکی سامناکەوە، ڕۆڵە گیانلەسەردەستەکانی پارتیمان ھیچ سڵیان لە دڕندایەتیی دیکتاتۆرەکان و بیرە شۆڤینییەکانیان و دامودهزگا داپڵۆسێنەرکانیان نەدەکرد و ئاسۆی ڕووناکیان دەبینی و دەستیان بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتیمان کرد و سنووری کاری سیاسی و چالاکیی سەربازی لە ناو کوردستانی باشوور کرایە دوو ھەرێم، بۆ گونجاندنی کاری سەربازی و سیاسی لەگەڵ بارودۆخی دژوار و لەخۆباییبوونی ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو سەردەمە.
دەشڵێت، ھەرێمی (١) یەک ناوچەی بادینان (دھۆک و مووسڵ) بەرپرس و جێگری بەرپرسی بۆ داندرا و سەرەتا ژمارەیەک مەفرەزەی چەکداریان ڕێکخست و لە ناو گوند و شارۆچکە و شارەکان و ئاوارەکانی دوورخراو بۆ باشووری عێراق و زانکۆکان ڕێکخستنی نھێنییان دامەزراند و لە سنووری ھەولێریش بۆیان ھەبوو کار بکەن، ھەرێمی (٢) دوو (سنووری سۆران) کە (ھەولێر و کەرکووک و سلێمانی) دەگرتەوە بەرپرس و جێگری بۆ داندرا، کە لە ھەرێمی دوو ژمارەیەک مەفرەزەی چەکدار ڕێکخران و ڕێکخستنی نھێنیش لە ناو گوند و شارۆچکە و شارەکان و ناو ئاوارەکانی دوورخراو بۆ باشووری عێراق و زانکۆکان دامەزرێندران و شۆڕشی گوڵان ئەو شۆڕشە گرینگەیان ھەڵگیرساند و دەستیان پێیکرد، ھەر لەو سەردەمە سەخت و دژوارەدا تواندرا ئێزگەی دەنگی کوردستان بگەیەندرێتە چیاکانی ئازادکراوی کوردستان و دەسبەکار بوو.
د. کەمال زیاتر گوتی، ئەو ڕێزدارانەی کە لەبەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن چووبوونە ھەندەران بەتایبەت (ئەورووپا و ئەمەریکا) کاری سیاسی و دیپلۆماسییان دەکرد و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردستانیان، کە ئاوارەی ھەندەران بووبوون، ڕێک دەخستەوە، ژمارەیەکیش چووبوونە سووریا و لەوێ خۆیان ڕێکخستبوو بۆ گەڕانەوە و بەردەوامیدان بە خەباتی چەکداری و سیاسی لە یەکێک لەو دوو ھەرێمە، بۆیە لێرەدا زۆر گرینگە بگوترێت گەلی سەربەرزی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ھاوکار و پاڵپشتی زۆر گرینگ بوون بۆ شۆڕشی گوڵان، بێپایان سوپاسگوزاری ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمانین لە باکوور و ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان و لوبنان و گشت سەربەرزانی ئاوارەی ھەندەران لە ئێران و تورکیا و سووریا و ئەورووپا و گشت شوێنێکی جیھان، لەم یادە پڕشکۆیەدا جارێکی دیکە سڵاو لە گیانی پاکی سەرکردەی سەبەرزی گەلی کوردستان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد و سڵاو بۆ شەھیدانی سەرکردایەتیی کاتی (قیادەی موەقەتە) و گشت شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی کورد و کوردستان و شەھیدانی کیمیاباران و شەھیدانی بێسەروشوێنکراو و سڵاو بۆ گشت پێشمەرگە و کادر و بەرپرسانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدە سەربەرزەکانی شۆڕشی گوڵان کە بە فیداکاریی بێوێنە شکستیان بە پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان ھێنا و ئومێدی سەرکەوتن و بەدەستھێنانەوەی مافەکانمان و خۆبەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی خۆییان بۆ گشت گەلی کوردستان جێگیر کرد.
بڵند ئیبراھیم




