سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ بەڕێوەبەری گشتی و شاندێكى FAO كۆبووهوه

ھەولێر-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٥/٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، بە سەرۆکایەتیی شو دۆنیو، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێز سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە ئیتاڵیا و باڵیۆزی عێراق لە ڕێکخراوی FAO ئامادەی بوون، بەھێزکردنی ھاوکاریی ھاوبەش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک و سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستاندا تاوتوێ کرا، ھەروەھا دەربارەی چۆنیەتیی کاریگەریی گۆڕانی ئاووھەوا و بەبیابانبوون و کەمئاوی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم کشتوکاڵ و ئاو و خۆراک، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ کار و بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی گەشەپێدان و بەدیھێنانی ئاسایشی خۆراک، بەرز نرخاند، ھەروەھا ھەموو پشتگیرییەکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستانی بۆ کار و بەرنامەکانی FAO دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە، بەڕێز دۆنیو سوپاسی ڕێکخراوەکەی بۆ گرنگیدانی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی، ھەروەھا ئامادەییی فاوی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی ھاوکاری و جێبەجێکردنی بەرنامە ستراتیژییەکان دووپات کردەوە کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە ھەرێمی کوردستان دەکات.





