پەیامی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی بەبۆنەی (٤٩)ەمین ساڵیادی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی(٤٩)ەمین ساڵیادی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان، لقی(٢٦)ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.
ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، شۆڕشی گوڵان، کە بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی پارتیمان لەو دەڤەرە سەرکەشەدا بەرپابوو، قۆناغێکی نوێ بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانمان.
شۆڕشی گوڵان ھەرچەندە لەسەردەمێکدا سەری ھەڵدا، زەوینەیەکی ئاڵۆز و نالەبار لەئارادابوو، بەڵام سەرکردایەتی پارتیمان بە پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی خۆراگری کوردستان توانی بەردەوام بێت لە درێژەدان بە شۆڕشی ئەیلوول و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، بۆیە دیسان خۆی سازدایەوە و لە بیست و شەشی گوڵانی (١٩٧٦) و لە چیاکانی کوردستانەوە دووبارە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی جاڕدایەوە و سەنگەرەکانی شەرەفمەندیی بەرگریی ئاوەدان کردەوە.
پەیامی ئەو شۆڕشە لەلایەک رەتکردنەوەی سیاسەتی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافە سیاسی و کەلتوورییەکانی گەلەکەمان بوو لەلایەکی ترەوە پێداگری بوو لەسەر پتەوکردنەوەی گیانی نەتەوەیی و بەدیھاتنی مافە ڕەواکانمان.
شۆڕشی گوڵان گیانی یەکڕیزیی و ھاوسەنگەریی گەلی کوردستانی بەرجەستە کرد، ھەروەھا پەیامێکی موژدەبەخش بوو بۆ گەلەکەمان تا سەرلەنوێ و گەرموگوڕتر جاڕی خەباتی شەرەفمەندانەی خۆی ڕابگەیەنێ و بۆ دۆست و دوژمنانی بسەلمێنێ، کە پشکۆی شۆڕشی میللەتی کورد خامۆش دەبێت، بەڵام ناکوژێتەوە.
شۆڕشی گوڵان لەو قۆناخە ھەستیارەی تیادا ھەڵگیرسا ھەنگاوێک بوو بۆ بەرەو پێشوەچوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازییمان، ھەروەھا ڕێخۆشکردن و زەوینەسازیی بوو بۆ تێکۆشانی داھاتوومان، کە خۆی لە ڕاپەرینە سەرتانسەرییەکی ساڵی (١٩٩١) دا بینیەوە.
لە (٤٩) یەمین ساڵیادی ئەو شۆڕشە مەزنەدا، بەڵێن و وەفا بۆ سەرۆک (مەسعود بارزانی) و سەرکردایەتی پارتیمان و گەلەکەمان دووپات دەکەینەوە، کە ھەمیشە و بەبێ سرەوتن لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان.
لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی(مستەفا بارزانیی نەمر) و کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاری کوردستان.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین.
سەرکەوتن ھەردەم بۆ تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمانە
ھەر بڵند و شەکاوە بێت ئاڵای کورد و کوردستان
لقی(٢٦) ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥




