فارس میرخان: بەرھەمھێنانی کارەبا لە وزەی خۆر بەردەوام لە زیادبوون دایە

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا گوتی "بەرھەمی کارەبا لە وزەی خۆر لە ھەرێمی کوردستان، بەردەوام لە زیادبوون دایە و گەیشتۆتە ٣٠ مێگەوات، ئەوەی کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەم بێنێت حکوومەت لە پارەی کارەبا ھاوکاری دەکات، بانکەکانیش پارە بە قەرز بە ھاووڵاتییان دەدەن بۆ ئەوەی کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەم بێنن."
فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە سەرەتای ئەم کابینەیە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەڵکی ھان دا بۆ ئەوەی کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەم بێنن، هەر کەس کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەم بێنێت فۆڕمێک پڕدەکاتەوە کە کارەبا لە وزەی خۆر بەرھەم دێنێت، بۆیە ئەوەی مانگانە ٤٠٠ وەحدە بەکار بێنێت کە ٢٠٠ وەحدە سەرف دەکات و ئەوەی دیکە لە وزەی خۆر سەرف دەکات تەنیا پارەی ٢٠٠ وەحدە دەدات، ئەوەی دیکەی لە کارەبای وزەی خۆری بۆ دەگێڕدرێتەوە."




