ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و ئەمریکا دەبێتە دەرگای خێر بۆ ھەرێم و عێراق

ھەولێر -KDP.info- جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە دەرگایەکی خێر دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، دەبێتە ھەنگاوێکیش بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەربکرێت، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە یاسایی و دەستورییە."
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەو گرێبەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە چاوەڕێ دەکرێت بببێتە دەرگایەکی خێر و ئاوەدانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، چونکە ڕێککەوتنێکی ئاوا گەورە لەگەڵ وڵاتێکی زلھێزی وەکو ئەمریکا ڕۆڵی خۆی دەبێت، بۆیە ئومێدەوارین سود و قازانجی ھەموو لایەکی تێدابێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی یاسای نەوت و غاز خێراتر بکات، چونک نەبوونی ئەو یاسایە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و غازی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان خستۆتە ناکۆکی و ململانێ، بۆیە ئێستا عێراق ناتوانیت دژی ئەو گرێبەستە بێت، پێویستە ئەمە ببێتە ھۆی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، ئەو کات عێراق و ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا ئەرکی خۆیان دەزانن."
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی "ئەو گرێبەستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامی داوە بە ھیچ شێوەیەک دژی یاسا و دەستوور نیە، بگرە خێری بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەجیاتی ئەوە ناڕازی بێت، بێت یاسای نەوت و غاز دەربکات و خۆی سوودمەندی یەکەم دەبن لەو کارە."
دەشڵێت "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو گرێبەستەی کردوویەتی پێشتر پرس و ڕاوێژی لەگەڵ شارەزایانی یاسا، دەستوور و بواری وزە کردووە، لەخۆیەوە ئەو کارەی نەکردووە، دڵنیابووە یاسایی و دەستوورییە ئەو کات گرێبەستەکەی ئەنجام داوە، پێم وایە دەرچەیەکی خێر دەبێت بۆ ھەموو پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقیش."
بڵند ئیبراھیم




