٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٥/٥/٢٤ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ھەردوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بەڕێزان ئەنگەس کینگ، سیناتۆری سەربەخۆ لە ویلایەتی مەین و جەیمس لانکفۆرد، سیناتۆری کۆماری لە ویلایەتی ئۆکلاھۆما و شاندیکی (یاوەریان) کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا برەودان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و ھاریکاریی ھاوبەشیان بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، ھەروەھا دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد و دەربارەی دۆخی سووریا و پێشھاتەکانی ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەمەریکا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پشتگیریی کۆنگرێسی لە پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی ھاوکاریی نێوانیان لە بوارە جیاکاندا کردەوە. بەڕێزیان بەتایبەتی باسی لە دەرفەتی کار و وەبەرھێنانی ئەمەریکی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد.

لای خۆیەوە شاندی میوان وێڕای ستایشی پیشکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا بە بایەخێکی زۆر و وەک ھاوپەیمانێک لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت. ھەر لەمبارەیەوە جەختیان لە بەردەوامیی پابەندیی ئەمەریکا بۆ پشتگیری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێکگەییشتن، ھەروەھا داکۆکییان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە کردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار