"رێککەوتنەکەی حکوومەتی ھەرێم و ئەمەریکا بە زیادەوە غاز بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکات"

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو رێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامی داوە، دەبێتە ھۆی ئەوەی غازی پێویست بە زیادەوە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەم بۆ کەرتی کارەبا و ھەمیش بۆ ماڵان دابین بکات.
دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، گرێبەستی وزە لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەمەریکا زۆر زۆر گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی زیاتر لەوەی ئێمە پێویستمانە بۆ ناوخۆ لە غاز دابین بکرێت، بە تایبەت بۆ کارەبا کە ئێستا ئەوەی ھەیە نیوە کەمتر لەوەی پێویستمانە بۆ کارەبا بۆمان دابین دەکرێت، بەڵام بەو رێککەوتنە زیاتر لەوەی پێویستمانە دابین دەکرێت، لەبەر ئەوە ئەو گرفتەی ئێمە چارەسەر دەکات.
سوبحی گوتیشی، ھەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق ھەر زوو دژایەتیی ئەو رێککەوتنەی کرد، بەڵام راستییەکەی لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە ھیچ کێشەیەکی نییە و یاسایی و دەستوورییە، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ کراوە پێشتریش لە ھەرێمی کوردستان کاریان کردووە، بۆیە ئەوانە دێن لە سێ کێڵگەی سەرەکی کار دەکەن، ئەوانیش بریتین لە کوردە نێت و تۆپخانە و میران و نزیکەی حەوت کێڵگەی دیکەش ھەن کاری تێدا دەکەن، لەبەر ئەوەی بۆ وەرزی ھاوین پێویستمان بە غازی زیاتر ھەیە، بۆیە ئەوانە دێن کار دەکەن و غاز ھەم بۆ کارەبا و ھەمیش بۆ ماڵانیش دابین دەکەن، ئەمەش سوودی نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکوو بۆ عێراقیش سوودی دەبێت، بۆیە ئەم رێککەوتنە جگە لەوەش کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان دەبێت و ئەوان پێشتر دیراسەی دۆخەکەیان کردووە ئەوکات گرێبەستیان لەگەڵ ھەرێم ئەنجام داوە، لەبەر ئەوەی نێودەوڵەتین و ئەستەمە کارێک بکەن دژی یاسا و دەستوور بێت.
دەشڵێت، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن پێ سێجا غازی یەدەگمان ھەیە تەنیا سوود لە ١٣ ترلیۆن مەتر سێجا وەردەگرین، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و جێگەی بایەخدانە، بەداخەوە وەزارەتی نەوتی عێراق دوو بەیاننامەیان دەرکردووە ئەمانە یاسایی نین و باس لەوەش دەکات دژی دەستوورە، کە ئەمەش ڕاست نییە و ھیچی دژی یاسا و دەستوور نییە، چونکە یاسای نەوت و غازمان نییە و گرێبەستەکانیش تازە نین، بەڵکوو ١٥ ساڵە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەیاننامەی دووەمیش جۆرێک لە پەشیمانبوونەوەیان پێوە دیارە، چونکە ھەموو وڵاتان ھەوڵ دەدەن ئەمەریکا گرێبەستیان لەگەڵ بکات، بۆیە ئێستا دەرفەتێکی زێڕین لە بەردەم ئێمە ھەیە لەلایەن ئیدارەی ترەمپ، کە ئیدارەیەکی زیاتر ئابوورییە، بۆیە ئەوەی گرنگە ئێمە لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دەڕۆین.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، پێویست بوو حکوومەتی عێراق بە تایبەت وەزارەتی نەوت پیرۆزبایی لە ھەرێمی کوردستان بکەن، کەچی دێن دژی دەوەستنەوە، لە کاتێکدا کە لە قازانجی ئەواندایە و ھەرێمی کوردستانیش لە ڕووی غازەوە دەوڵەمەندە، ئەوەی گرنگیشە لەو رێککەوتنە تەنیا غاز دەرناھێنن، بەڵکوو نەوتیش دەردێنن بەپێچەوانەی کێڵگەی کۆرمۆر، بەڵام زیاتر کار لە بەرھەمھێنانی غاز دەکەن، بۆیە بڕیارە لە چەند مانگی داھاتوودا کار بکەن و غاز و نەوت بەرھەم بێنن، کە لەمساڵدا دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




