٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ KDP: سبەی دەرگای کۆمسیۆن دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، سبەی دەرگای کۆمسیۆن بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان لەلایەن لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن دەکرێتەوە، کە بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سبەی یەکشەممە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەرگای پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان دەکرێتەوە، کە لە رۆژی ٢٥/٥ تاوەکو ٢٤/٦ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا لایەنەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و ھاوپەیمانەکان دەتوانن ناوی کاندیدەکان پێشکەش بکەن، بۆیە داواکارین ئەوانەی نیازی بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان ھەیە، لەو ماوەیەدا ناوەکانیان پێشکەش بکەن.

غەلای گوتیشی، سبەی لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوام دەتواندرێت ناوی کاندیدەکان پێشکەش بکرێت تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی ٢٤/٦ و تاوەکو ئێستاش دیار نییە وادەکە درێژ دەکرێتەوە یاخود لەو وادەیەدا کۆتایی دێت.

لای خۆشیەوە، خالد عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە مەرجەکانی کاندیدبوون گۆڕاون و پێویستە ئەوەی کاندید بکرێت بڕوانەمەی لە بەکالۆریۆس کەمتر نەبێت و تەمەنی لە ٣٠ ساڵ زیاتر بێت، هەروەها لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بێ کێشە بێت و ھیچ تاوانێکی نەکردبێت، بۆ کاندیدی سەربەخۆش پێویستە ٥٠٠ ئیمزای ئەو کەسانە بێنێت کە پشتگیری دەکەن بۆ ھەڵبژاردن و ھەمووشیان ناویان تۆمار کرابێت و کارتی دەنگدانیان ھەبێت، ئەگەرنا رێگە نادرێت خۆی کاندید بکات، بۆیە پێویستە بەپێی ئەو مەرجانە لایەنەکان و کاندیدە سەربەخۆکان ناوەکان تۆمار بکەن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار