٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دزەیی بۆ KDP: ئه‌م ڕێککەوتنه‌ سەرمایەگوزاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاد ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ڕێککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکیەکان زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دایە، چونکە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستیان بەغاز ھەیە بۆ چەندین بواری جیاجیا، بۆیە پێویستە بەغداش لەوە تێبگات ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ھەموو عێراقە.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبه‌تدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا لەگەڵ دوو کۆمپانیا واژووی کردووە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و بوونیان ھەیە و تەنھا خاوەنداریەتی ئەو دوو کێڵگەیە ئاماژەی بۆ کراوە دراوە به‌ ئەو دوو کۆمپانیایە، بۆیە گرێبەستەکە پێویستی بە واژووکردن ھەبوو، کە ئەو دوو کۆمپانیایە زیاتر کاردەکەن بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنان لەو دوو کێڵگەیە، بەتایبەت غازی سروشتی و نەوتیش بەھەمان شێوە، کە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستی بەغاز ھەیە ھەم بۆ سوود وەرگرتن بۆ کارەبا و بۆ غازی ماڵانیش و بۆ پیشەسازی، بۆیە سوودی بۆ ھەموو عێراق ھەیە و ھیوادارین ئەوانیش لەوە تێبگەن لە بەغدا کە سوودی بۆ ھەموو عێراق ھەیە، ھیواداریشین بەزووترین کات بەرھەمی غازی سروشتی زیاد بکرێت و ئەمە دەستکەوتێکە كه‌ سەرمایەگوزاری بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاد ده‌كات کە یەکێکە لە بەرنامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیش.

سەفین دزەیی باس لەوەش دەکات: لەمیانەی سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥ دیدار لەگەڵ سینات و کۆنگریس ھەبووە و بڕیارە دیداری لەمەودوا لەگەڵ خودی ئیدارەی ئەمەریکا لە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتەکانی دیکە ئەنجام دەدرێن و ئەوان خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن و ئەوانەی دیدارمان لەگەڵ کردوون ئەوان پاڵپشت و یاسادانەرن، بۆیە سەردانێکی سەرکەوتوو دەبێت و ئومێدەوارین بەردەوامی ھەبێت ئەم جۆرە سەردانانە بۆ ئەمەریکا و بۆ وڵاتانی دیکەش، بۆ ئەوەی گوێ لە بۆچوون و ھەڵوێستەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگرن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار