مەسروور بارزانی: دڵخۆشین کە پشتیوانییەکی زۆر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان هەیە

ئەمەریکا-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و بەسوودم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مارک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و بەسوودم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەبوو."
گوتیشی: "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بۆچوون، تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆمان لەسەر کۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە خستەڕوو."
سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستە روو: "زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەموو کوردستان و عێراق دەبێت."
راشی گەیاند: "بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکام کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات."
لەبارەی پێکهنانی حکوومەتەوە گوتی: "پێمان خۆشە لە زووترین کاتدا کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت."




