مەسروور بارزانی لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە

واشنتن-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ برادلی سمیس بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری دارایی و سیستەمی بانکی کرا.
بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی (ھەژماری من) نیشان دا و ھەموو پشتیوانییەکی وەزارەتەکەی بۆ پڕۆژەکە و چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتی پێزانینێکی زۆرمان بۆ ھەوڵ و چاکسازییەکانی سەرۆکی حکوومەت لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە بواری داراییدا ھەیە و ئەو چاکسازییانە دەکرێ ببنە نموونە بۆ وڵاتانی تریش.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکای کرد لە چاکسازییەکان و پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بە چاکسازییە داراییەکان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دووپات کردەوە.




