سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە

واشنتن-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە و ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.
ئەمڕۆ سێشەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە واشنتن و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ کۆنگرێسمان بڕایان ماست سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆنگرێسمان ماست سوپاس و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ قوربانیدانەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەربڕی. ھەروەھا ھەموو پشتیوانییەکی بۆ ھەرێمی کوردستان وەک ھاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە.
ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرھێنان و وزە، لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی و سوودەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە کرا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagos ئەنجامی دا.




