فارس میرخان: حکوومەت لە پڕۆژەی رووناکی پاڵپشتی دارایی لە ٨٠%ی بەشداربووان دەکات

فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە و بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی ڕۆناکی بەردەوام لە فراوانبووندایە، ئێستا زیاتر لە ١٣٤ھەزار ماڵ لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک لەو پڕۆژەیە سوودمەندن، لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، تا کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ تا بازنەی١٢٠ مەتری ھەولێریش تەواو دەبێت، تا مانگی ھەشت دەگاتە بازنەی ١٥٠ مەتری، دواتر سەنتەری ھەولێر تەواو دەبێت، بڕیارە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێبکرێت، لە زاخۆ و گەرمیانیش ھەر ئەمساڵ لە مانگی نۆ دەست پێ دەکرێت، بۆیە پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت."
فارس میرخان گوتیشی "نرخی کرێی کارەبای پڕۆژەی رووناکی لە (یەک تا ٤٠٠ وەحدە و ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ وەحدە) حکوومەت خۆی پاڵپشتی دەکات، نرخی زۆر کەمترە لە نرخەکانی دیکە، دوای ئەوە نرخی چەند بێت بە ھەمان نرخ حیساب دەبێت، نرخی یەک تا ٤٠٠ وەحدە ٧٢ دینارە، نرخی ٤٠٠ بۆ ٨٠٠ وەحدەش بە ١٠٨ دینارە، لەسەر حکوومەت زیاتر دەوەستێت، وحکومەت پشتگیری خەڵک دەکات، بۆیە ئەوەی ٤٠٠ وەحدە بەکار بێنێت ٢٨ھەزار دینار مانگانەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەی ٨٠٠ وەحدە بەکار بێنێت ٧٢ھەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، بۆیە خەڵکی ھەژار و مامناوەند بەگشتی ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ وەحدە بەکار دێنن، ئەو پێوانەیەش ٨٠%ی خەڵکە، ئەوەی دیکەش باری داراییان باشە، ئەوان زیاتر بەکاردێنن و پارەی زیاتریان بۆ دێتەوە."
میرخان باسی لەوەش کرد "دانانی کارەبا لە وزەی خۆر زۆر ھاوکار دەبێت بۆ خەڵک، بە جۆرێک ئەگەر مانگانە ٤٠٠ وەحدە بەکار بێنێت و ٢٠٠ وەحدەی خۆی ھەبێت و ٢٠٠ وەحدەی کارەبای گشتی بەکار بێنێت، تەنیا پارەی ٢٠٠ وەحدە دەدات، بۆیە ئێستا خواستی لەسەر زۆر بووە و بەرھەمی وزەی خۆر گەیشتۆتە ٣٠ مێگەوات کارەبا، بەردەوامیش زیاد دەبێت.
ئێستا لە ڕێگەی بانکەکان پارەش بەقیست دەدرێتە ھاووڵاتییان بۆ پێنج ساڵ بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا لە وزەی خۆر دابنێن."
بڵند ئیبراھیم




