ڕێبەر ئەحمەد باسی گرینگی سەردانەكەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن دەكات

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت دەکاتەوە، سەردانەکەی مەسروور بارزانی بۆ واشنتن، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کوردستان جێگەی متمانەی کۆمپانیا گەورەکان و دۆستەکانییەتی دەشڵێ، هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاستە و لــە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
سێشەممە، 20-05-2025، بە بەشداریی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 15ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و وزە لە هەولێر کرایەوە. پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، لە 10:00ـی بەیانی تا 07:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت.
دوای کردنەوەی پێشانگەکە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی بۆ واشنتن کرد.
لەبارەی 15ـەمین پێشانگەی بیناسازی و وزە لە هەولێر، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا "ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ناوچەکە و جیهان بەشدارییان لە پێشانگەکەدا کردووە. جێگەی خۆشحاڵییە ئەمساڵ بەشێکی زۆری بەشداربووان، کۆمپانیای ناوخۆیین کە لە لایەن ژمارەیەک گەنجی پێگەیشتووەوە خاوەندارێتیی دەکرێن."
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، "بەشێكی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە پێشانگەکەدا پیشان دراون، بەرهەمی ناوخۆیین، لە ئاست پێوەرە نێودەڵەتییەکانن و بازاڕێکی باشیشیان هەیە، بە تایبەت ئاسن، چیمەنتۆ و چەندان بەرهەمی دیکەی قورس."
وەزیری ناوخۆ دووپاتی کردەوە، "کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە، نیشاندەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاستە و لــە هەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. گوتیشی، "ڕۆژ بە ڕۆژ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەچێت."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە بە بانگهێشتێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە. تا ئێستا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی کردووە و بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بکات.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، سەردانی سەرۆک وەزیران، مەسروور بارزانی، بۆ واشتن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتنامە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکایی لە بواری غاز، نەوت و کارەبادا، لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت "بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان جێگەی متمانەی کۆمپانیا گەورەکان و دۆست و هەڤاڵانمانە لەم بوارەدا."
هەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران، ڕێبەر ئەحمەد جەختی کردەوە، "کۆمپانیای گەورە لە ئەورووپا و ئەمەریکا چاویان لەوەیە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن. هیوادارین داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو ڕێککەتنامەیانە، بەدی بێت."
وەکوو ئەوەی وەزیری ناوخۆ باسی کرد، "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی دەدات و یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی کابینەکەی، بایەخدان و پاڵپشتی لە بەرهەمی خۆماڵی، پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی بووە."




