كاتی هاتووە و با پشتیوانی لێبكەین

كەریم قادر
بەرپرسیارێتی مێژوویی لە هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستاندەخوازێ ناكۆكییە لاوەكیەكان بەلاوە بنێن و بە جیاوازی دەنگ و رەنگەكانەوە پشتیوانی سەرۆك بارزانی بكەن و بە هەموو لایەك ئەو ئامانجە بهێننەدی، كە دەریایەك خوێنی بۆ دراوە.
ساڵی 1979 بێرنارد لویس نەخشەی دابەشكردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستەڕوو. گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ئەو چەند ساڵەی دوایش ئاماژە بەوە دەدەن، كە نەخشەیەكی نوێ بۆ ئەو ناوچەیە دەكێشرێتەوە تەواو جیا دەبێت لە سنوورە خوێناوییەكانی سەردەمی رێككەوتنی سایكس پیكۆ. راڵف پیتەرز جەنەڕاڵی خانەنشینی ئەمەریكایی گوتەنی بە پێی ئەو نەخشەیە" گرووپە ئەتنیە غەدرلێكراوەكان قەرەبوو دەكرێنەوە".
هەرچەندە كورد ئەو كات (سەردەمی رێككەوتنی سایكس پیكۆ) بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆی پێدرا بوو، بەڵام نەهاتە جێبەجێ كردن، لە ئاكامی ئەو پاشگەزبوونەوەیە لەسەر دەستی حكوومەتی ئەو دەوڵەتانەی بەسەری دابەشكرا دووچاری جۆرەها مەینەتی و پاكتاوی رەگەزی و كۆمەڵكوژی هاتەوە، ئێستاش لە ئاستی جیهاندا گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە و یەكێكە لەو غەدرلێكراوانە.
لە ئاستەكانی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتیەوە رەوشی ئێستا تەواو لەو سەردەم جودایە. كوردستان خاوەنی سەرۆكێكی هەڵبژێردرا و پەرلەمان و حكوومەتی خۆیەتی. هەروەها لە هەوڵی هاوێشتنی هەنگاوی كردەنی دامەزراندنی ئابوورییەكی سەربەخۆ دایە، ئەمانە بەسەریەكەوە بەشێكن لە خۆئامادەكرن بۆ ئەگەرەكانی، كە ئەگەر بە دروستی وەبەربهێنرێن بە بەرژەوەندی نەتەوەییمان تەواو دەبن.
جاران دەوڵەتانی چوار دەورە(عێراق، ئێران، توركیا و سوریا) سەرباری ناكۆكی و جیاوازییەكانیان ناوە ناوە بەیەكە كۆدەبوونەوە، سەر تۆپی گفتوگۆكانیان بۆ لە قالبدان و بنگۆمكردنی خواستی كورد بوو. ئێستا ئەو هاوكێشەیە بە بەرژەوەندی كورد گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەسەر داهاتووە و لە ئاستی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی لە سێكتەری وزەدا، كە لە خزمەت دۆزەكەدا گرنگە، كوردستان ژمارەیەكی گەورە و بە سەنگە.
ئێران، سەرباری ململانێ و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەهۆی بەرنامە ئەتۆمەكەیی و تۆمارەكانی لە بواری مافی مرۆڤدا لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاركەنار كراوە و لەژێر ئابلوقەیەكی قوڕس دایە. توركیاش لەڕێگەی پارتی داد و گەشەپێدانەوە، سەرباری ئەوەی پەیوەندییەكی ئابووری و بازرگانی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و لەسەر بەردەوامبوون و پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە مكوڕە، لە بەرامبەر چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی كورد لە وڵاتەكەشیدا، كە لە ئاستی نەتەوەییماندا گرنگە، هەنگاوی بوێرانەی ناوە، ئومێد دەكرێ هەنگاو بە هەنگاو ئەو دۆزە بێتە چارەسەركردن. رەوشی سوریا و عێراق لەوپەڕی خراپی دایە و لەرووی چارەنووسەوە لێكدی دەچن، بەڵام ئەوەی ئەو دوو وڵاتەی راگرتووە فاكتۆری كاتە، ئەگەرنا كار لە كار ترازاوە.
لەم دیمەنەدا تاكو ئێستا، سەرەڕای هەندێ كەموكوڕی و كەلێن كورد براوەیە. ئەگەر لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان راپرسیەك بكەی، دەبینی زۆرینە لەگەڵ سەربەخۆیی دایە.راپرسییە نا فەرمیەكەی2005یش بەڵگەیەكی زیندووی ئەم راستییە. بەڵام ئەم هەنگاوە بێ كێشە و كۆسپ نییە، بۆ تەختكردنی ئەو كۆسپانەی ماون یەكریزی و یەكدەنگی زۆر گرنگن، بۆیە لە پاش ئەو پشتكردنەی لە بەغداوە بینیمان بەرامبەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەرپرسیارێتی مێژوویی لە هەموو هێزە سیاسیەكانی كوردستان دەخوازێ ناكۆكییە لاوەكیەكان بەلاوە بنێن و بە جیاوازی دەنگ و رەنگەكانەوە پشتیوانی سەرۆك بارزانی بكەن و بە هەموو لایەك ئەو ئامانجە بهێننەدی، كە دەریایەك خوێنی بۆ دراوە.




