٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سوریاش .....

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

راستە دوای سەرهەڵدانی راپەڕین و دواتر فرەبوونی ناکۆکییەکان و هەنگاو نان بەرەو شۆڕشێکی خوێناوی کە تاکو ئێستا بە هەزارەها کەس تێیدا بوونەتە قوربانی و کێشەکە وەکو مەسەلەیەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ئاڵۆز و پڕ ئەگەر و کاردانەوە سەیر دەکرێت، دواین جار لە رۆژی26ی ئازاری 2013لە کۆبوونەوەی دۆحەی کۆمکاری عەرەبیدا، نوێنەری ئۆپۆزسیۆن لەسەر کورسییە رەسمی و یاساییەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەنووکەی دەوڵەتی سوریا دانیشت. ئەم دانیشتەنە بەڵگەیەکی دیکەی بەرەو پێشەوەچوونی شۆڕشی سوریایە لە نێوەخۆ و هەروەها نیشاندەری فرەبوونی پاڵپشتی دیبلۆماسی و سیاسیی شۆڕشەکەیە لە لایەن ئەوروپا  و وڵاتانی عەرەبییەوە. گرینگ لەرێگەی لەدەستدانی کورسی دەوڵەت لە کۆمکاری عەرەبی، واتای ئەوەیە هەموو هەنگاوەکانی ئێران و دۆستەکانی بەشار ئەسەد و حکوومەتەکەی لە نێو پێکهاتەی عەرەبی بەتەواوی فت کرا. هەرچەندە عێراق کە هەنووکە خۆی لە حکوومەتی بەغدا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی دەنوێنێت، چونکە سەرۆک جەلال تالەبانی نەخۆشە و لە کارەکەی دوور کەوتۆتەوە، هەروەها جێگرەکەی دیکە کە سونەیە  رایکردووە و لە پەناهەندەیی دەژیت، دەمێنێتەوە دەسەڵات تاکلایەنانە کەوتۆتە دەست مالکی و ئەویش دەیەوێت نیشانی بدات کە داکۆکی لە بەرژەوەندی شیعە دەکات، کە لە کردەودا و رەنگە لە داهاتووشدا بەدیار بکەوێت، مالکی بەم سیاسەتەی زیانێکی گەورە دەگەیەنێتە هاوپەیمانی شیعە و لایەنەکانی دیکە و کاریگەری سلبی لەسەر بەرژەوەندی سیاسی شیعە بە گشتی دروست دەکات.

گرینگ سوریا لەبواری دیبلۆماسی و سیاسی و لە نێوەخۆشدا لە بواری جوگرافی لەبەردەم جەنگ و هێزی ئۆپۆزسیۆن و سەربازی بەرەو خراپتر وخراپتر رووە و کەنارکردنی زیاتر  و دابڕان و قوڵبوونەوەی کێشەی پتر دەڕوات و رۆژبەرۆژیش  لە خاڵی کۆتایی و یەکلابوونەوە نزیکتر دەبێتەوە.

لەم کۆبوونەوەی دۆحەدا کە دەچێتە مێژووەوە چونکە یەکەمجارە کۆمکاری عەرەبی بتوانێت بڕیاری لەمجۆرە بدات و کورسی نوێنەرایەتی دەوڵەتێکی دۆست و ئەندام لە کۆمکارەکە بداتە ئۆپۆزسیۆن. هەروەها لەم کۆبوونەوە نوێنەری ئۆپۆزسیۆن ئەحمەد معاز خەتیب راشکاوانە دوو مەسەلەی گرینگتیری بەناوی گەلی سوریا خستە بەردەم بەرپرسانی عەرەبی و تورکی و رای گشتی جیهانی، ئەویش بریتی بوو لە دوو داوای سیاسی گرینگ یەکەمیان داوای کرد کە کورسییەکەی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش  بدرێتە ئۆپۆزسیۆن  و هەروەها داوای لە ئەمەریکا کرد هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆپۆزسیۆن بکات، بۆ ئەوەی لە رژێمی سوریا دەربازیان بێت.

کەواتە مەسەلە گەیشتۆتە کەنارەکانی یەکلابوونەوە، هەرچەندە هێشتا دۆستەکانی سوریا کە ئێران و حکوومەتی ئێستای عێراق و روسیایە بە شێوەیەکی راستەوخۆ  و ئاشکرا، ناتوانن پێش لە بەرەو پێشەوەچوونە عەرەبی  و نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ دیاریکردنی چارەنووسی سوریا بگرن. راستە پێداگریی روسیا کۆمەڵگەی نێودوەڵەتی دوچاری وەستان و بێدەسڵات کردووە لە چۆنیەتی بڕیاردان لە یەکلاکردنەوەی کێشەی سوریا، لەهەمان گاڤیشدا ئێران و حکوومەتی عێراق بە جدی هاوکاری دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەکەن لەپێناو کەمکردنەوەی فشارەکان و بوژاندەنەوەی حکوومەتەی سوریا و بەردەوامبوونی بەم شێوەی لە قازانج و بەرژەندی ئەوان دابێت.

بەڵام پێناچێت ئاراستەکان بەهەمان شێوەی ئێستا بمێننەوە چونکە پرسی هەرە گرینگ ئەوەیە ئایا بەشار ئەسەد دەتوانێت تا چەندی دیکە هەروا تەماشاکەری رووداوە خێرا و بڕیارە چارەنووسسازەکان بێت و لەناوەخۆشیدا بەدەستی کراوە بەرانبەر رای گشتی دونیا درێژە بە کوشتن بدات؟  کە ئیدی کۆبوونەوەی دۆحە، هیچ دەرفەتێکی بۆ دەوڵەتی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەسەد نەهێشتەوە، هەروەها هەموو دەرگاکانی گومان و فشار و بەکارهێنانی کارەتەکانی  سوتاند، تەنیا ئەم بڕیارەی کۆمکاری عەرەبی کارتێکی سورە و هەروەها سوریای فت کرد لە سەرجەم پێکهاتە عەرەبییەکان.

کەواتە رووداوەکان گەرمن، بەڵام هەنووکە تۆپەکە هەر تەنیا لە گۆلی سەرۆکی سوریا نەمایەوە، بەلکە حیزبوللا  و دەسەڵاتی ئێران و نوری مالکیش لەژێر فشار دەبن و دەبێت ئەم کێشەیە یەکلابکەنەوە. یا ئەوەتە دەبێت رێگەی دەست لە کارکێشانەوەی بەشار ئەسەد بدۆزنەوە و لە نێو سوریا بە کوشتی نەدەن و هەمان چارەنووسی قەزافی نە نسیب نەبێت،لەم بیرۆکەیەشدا دوور نییە دادگای نێودەوڵەتی  دۆسیەی لەمەڕ تاوانەکانی جەنگ دژ بکاتەوە. لایەنی دووەمیش ئەوەیە روسیا و ئێران و عێراق کە بۆ ئەوەی سێیەمیان زۆر قورسە چونکە سەربەخۆ نییە لە بڕیار، پێویستە راستەوخۆ لەرێگەی دابەزاندنی هێزی سەربازی داکۆکی لە درێژەپێدانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بکەن، کە ئەمەش دەبێت کێشەیەکی نێودەوڵەتی. کەواتە بەهەر پێوەر و  لێکدانەوەیەک بێت ئەم دەسەڵاتەی ئێستای سوریا فت. بۆیە دەبێت ئۆپۆزسیۆن بیر لە ئایندەیەکی پێشوازیلێکراو و سیاسەتی دوور لە توندوتیژی بکاتەوە، تاکو دووچاری کێشە نەبن  وهاوکاری زیاتر بۆ یەکلابوونەوەی خێراتر بەدەستبهێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار