جوتیاران: بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان گەڕاینەوە

ھەڵەبجە-KDP. info- حكوومەت پاڵپشتی گەورە پێشکەشی جووتیاران دەكات و بازاڕی دەرەكی بۆ بەروبوومە كشتوكاڵییەكان دەدۆزێتەوە، چەندین ساڵە چەندین جۆری بەروبوومی كشتوكاڵی و باخداری هەناردەی بازاڕەكانی دەوڵەتانی عەرەبی و ئەوروپی دەكرێت، ئەمەش جوتیارانی دڵخۆش کردوون.
خەسرەو جاف، جووتیاری نموونەی دەشتی شارەزوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "ئێمەی جووتیاران دڵخۆشین بە پاڵپشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چونکە وای كردووە بۆ ناو كێڵگە كشتوكاڵییەكانمان بگەڕێینەوە و ڕووبەرەكانی كشتوكاڵ زیاد بكەین، ئێستا بەرهەمەكانمان هەناردەی بازاڕی دەوڵەتە گەورەكان دەكرێن، بەمەش داهاتی داراییمان باشتر دەبێت و پارەیەكی باشمان دەست دەكەوێ. سوپاس بۆ خوا پاڵپشتییەكانی حكوومەت وای كردووە بەرهەمی كوالێتی باش بەرهەم بهێنین و بازاڕی دەوڵەتان چاویان لە بەروبوومە كشتوكاڵییەكانمان بێت."
بارام محەمەد جووتیار لەسەر كێڵگە كشتوكاڵییەكەیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "پاڵپشتی حكوومەت بۆ جووتیاران هەمەلایەنە، ئەوەش وای كردووە جووتیاران بەرهەمی كشتوكاڵی باش بەرهەم بهێنین و ترسمان لەوە نەبێت لە بازاڕ پارە بكات. ئێستا جووتیاران لە كێبڕكێی بەرهەمهێنانی بەروبوومی كوالێتی بەرز دان، تاكو بە پاڵپشتی حكوومەت لە ڕێگای بازرگانەكانەوە هەناردەی بازاڕەكانی دەوڵەتانی بكەن. كاتێك ئێمەی جووتیاران پاڵپشتی دەكرێین دەتوانین لەم خاكە بە پیتە ئاستی بەرهەهێنان زۆر زیاد بكەین، ئێستا لە زۆربەی بەروبوومەكان گەیشتووینە خۆبژێوی."
بەهۆی بەرزی كوالیتی بەرهەمە كشتوكاڵی و باخدارییەكانی، كوردستان، وای كردووە چاوی دەوڵەتانی دنیا لەسەر هەناردە كردنی بەرهەمی كشتوكاڵی كوردستانبێت بۆ بازاڕی وڵاتەكانیان.
ستار مەحموود بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند "شارەزوور و پارێزگای هەڵەبجە، ناوچەیەكن خاكێكی بەپیتی هەیە كشتوكاڵی، بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی لە زیاد بووندایە و هەناردەی بازاڕەكان دەكرێت، بەردەوام ئەو زەویانەی لە بەردەستی جووتیاردان دەچێندرێن، بە تایبەتی دانەوێڵە، 70% زەوییەكانی پێ داچێندراوە، ئەوی تریشی بۆ پەتاتە، تەماتە، پیاز و شوتی و هتد. جووتیارەكان خۆیان لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی بازاڕ خواستی لەسەرە دەگونجێنن."
ستار مەحمود گوتیشی "چەندین ساڵە لە چوارچێوەی هەناردە كردنی بەرهەمە كشتوكاڵی و باخدارییەكانی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، بەرهەمی هەنار و چەند بەرهەمێكی تری كشتوكاڵی هەڵەبجە و شارەزوور، هەناردەی بازاڕەكانی تر دەكرێن، داوا لە بازرگانان دەكەین زیاتر هەوڵ بدەن بازڕی دەرەکی بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بدۆزرنەوە، چونكە كوالێتیێكی باشیان هەیە."
عەزیز ڕەسووڵ




