بریکاری وەزارەتی پەروەردە: ئامادەکاری تەواو بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ ئەنجام دراوە

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئەمڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەستی پێکرد، ھەفتەی داھاتوو تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان دەست پێدەکات، سەرەتای مانگی داھاتوو یەکەم تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەست پێدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواو کراوە."
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی بە بەشداری ١٢٩ھەزار ٦١٢قوتابی لە ٢ھەزار و ٣١٧ ھۆڵی تاقیکردنەوە دەستی پێکرد، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی شەممە تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان دەست پێدەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواو کراوە و ھۆڵی تاقیکردنەوە و پەڕەی سۆمۆ و فێنککەرەوە بۆ ھۆڵەکان دابین کراوە، ھەر ئەمڕۆش فیدباکی ھەموو ھۆڵەکان کراوە، بەڵام بۆ پۆلە ناکۆتاکان بەھۆی ئەوەی بازنەی یەکەم ھەیە و پۆلی ١٢ی ئامادەیی ھەیە، تا ئێستا ژمارەی قوتابی ناکۆتاکان دیار نییە."
دکتۆر سەیوان عەلی فەرەج گوتیشی "ئەمساڵ بە جۆرێک ئامادەکاری کراوە، قوتابی بە ھیچ جۆرێک ناتوانێت گزی بکات، ئەگەر ھەوڵی بۆ بدات ئاشکرا دەبێت، لە سۆماکان کۆدی تایبەت ھەیە بۆ ئەوەی گزی نەکرێت، لە پرسیارەکان و سۆماکان کۆدی قوتابی و پەنجەمۆری قوتابی ھەیە، بۆیە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لەڕێگەی لیژنەیەکی باڵا و بە ھاوکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە، وەکو وەزارەتی کارەبا و تەندروستی و ناوخۆ."
فەرەج باسی لەوەش کرد "بڕیارە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیش لە ١/٦ بە بەشداری ١١٥ھەزار و ٧٨٧ قوتابی دەست پێ بکات، ئامادەکاری زۆر باشمان کردووە، دووھەزار و ٧٠٠ ھۆڵی تاقیکردنەوە ئامادە کراوە، ھەموو پێداویستی تێدایە، بەتایبەت فێنککەرەوە، ھەماھەنگی باشیش لەگەڵ وەزارەتەکان کراوە، بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەرێوە بچن."
بڵند ئیبراھیم




